کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووچەی نجوومیی مەجلیسییەکان، برسیەتیی خەڵک و شانۆی هەڵبژاردن

12:25 - 30 رێبەندان 2723

شەماڵ تەرغیبی

 

ئێستا کە باسی هەڵبژاردنە نمایشییەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بووەتە سەردێڕی هەواڵی ماڵپەڕ و میدیاکان و باس لە لایەنە جیاوازەکانی بەناو هەڵبژاردن و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم بۆ بەشداری لەم نمایشە یان بایکۆتی نمایشەکە لە لایەن دژبەرانی ڕێژیم و خەڵکانی ئێرانەوە دەکرێت، پێویستە کە بزانین بەناو نوێنەرانێک کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنە درۆیی و پڕ لە چەواشەکارییەکانی ڕێژیمەوە دەچنە نێو مەجلیس و دواتریش بە بێ گرینگیدان بە ویست و داخوازییەکانی خەڵکێک کە دەنگیان پێداون، لە سەر کورسیی دەسەڵات دادەنیشن و بەناو نوێنەرایەتیی خەڵکانی ئێران دەکەن، بۆچی و لە بەر چ هۆکارێک بۆ گەیشتن بەو کورسییە هەوڵ دەدەن و چ قازانجێک لە پشتەوەی هەوڵە دزێوەکانیاندایە؟

لە ماوەی ڕابردوودا کە باس لە هەڵبژاردنە نمایشییەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هاتۆتە گۆڕێ، کۆمەڵێک زانیاری سەبارەت بە مووچە و داهاتی بەناونوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم درکاوە کە بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت و خێرا ئەو ڕاستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بەناو نوێنەرانی مەجلیس نە تەنیا بیر لە دۆخی ژیانی خەڵک ناکەنەوە بەڵکوو بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و وەرگرتنی پارەی نجوومی لە گیرفانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و هەژاری ئێران، دێنە نێو گۆڕەپانی بەناو هەڵبژاردنەکانەوە.

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ وێنەیەک لە فیشی مووچەی مانگانەی مالک شەریعەتی، بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم بڵاو کرایەوە کە دەری دەخات ئەم کەسە لە مانگدا بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەن پارە وەردەگرێ. دواتر ناوبراو درکاندی تەواوی نوێنەرانی ئەم مەجلیسە فیشی موچەی هاوشێوەی ئەویان هەیە؛ واتە کۆی ئەندامانی مەجلیس لە مانگدا بڕی ٢٩ میلیارد تمەن پارە وەک مووچەی مانگانە وەردەگرن. شەریعەتی کە خۆی سەرۆکی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە لە مووچە نجوومییەکانی مەجلیسی لە ئەستۆیە ئەوەشی درکاند  کە هەر نوێنەرێک مانگانە ٢٠ تاکوو ٢٤ میلیۆن تمەن مووچە وەردەگرێ و ٧٦ تا ٨٠ میلیۆنەکەی دیکەش بەناوی تێچووی کرێی دەفتەر و ماشین و کارمەندی بەر دەستی و تێچووەکانی دیکە وەردەگیرێ.

بەپێی ئامار و ڕەقەمە بڵاوکراوەکان، ئەگەر هەر نوێنەرێکی مەجلیسی رێژیم، لە ماوەی ٤ ساڵدا، هیچ تێچوویەکی دیکەی نەبێت و هەموو مووچەکەی پاشەکەوت بکات، ئەوە لە کۆتایی ٤ ساڵەکەدا، ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ میلیۆن تمەن سەرمایەی دەست دەکەوێت.

هاوکات بە پێی ئامارێک کە بەشێک لە ماڵپەڕە حکوومەتییەکان بڵاویان کردۆتەوە، وەرگرتنی مووچەی مانگانەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە ساڵی ٩٥ـەوە هەتا ساڵی ٩٨ بەم شێوەیە بووە:

ساڵی ٩٥: چوار میلیۆن و چوارسەد و هەشتا هەزار تمەن

ساڵی ٩٦: حەوت میلیۆن تمەن

ساڵی ٩٧: هەشت میلیۆن و ششسەد هەزار تمەن

ساڵی ٩٨: ١٠ میلیۆن تمەن

زۆربوونەوەی ٥ میلیۆن و ٥٥٢ هەزار تمەنیی مووچە لە ساڵی ٩٥ـەوە هەتا ساڵی ٩٨ و  دواتر بەرزبوونەوەی لە ساڵی ١٤٠٢ بۆ سەروو ٢٠ میلیۆن تمەن، هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی ڕێژەی هەژاریی خەڵک لە ئێران و گرانبوونی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک لەم ماوەیەدا تەنیا ئەتوانێ سەلمێنەری یەک ڕاستی بێ ئەوەش ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆی لە قوربانی کردنی هەموو خەڵکی ئێرانیش خۆی نابوێرێ و بە مەبەستی راگرتنی دڵی مۆرەکانی خۆی و درێژەدان بە یارییە سیاسییەکانی خۆی لە هەموو چەشنە ئامرازێک کەڵک وەردەگرێت، جا ئەو ئامرازە ئامرازی شەڕکەر و نیزامی بێت یان مووچەی خەڵکێک کە بۆ نانی شەوانەی خۆیان دۆشداماون، لای ئەو رێژیمە هیچ جیاوازییەکی نییە.

پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و گوشارخستنە سەر رێژیمی ئێران لە ڕێگەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، پرسی ئابووری زیاتر لە هەمیشە بەرۆکی خەڵکانی ئێرانی گرت و بەڕوونی خراپیی دۆخی ئابووری ئێران کەوتە بەرچاوی میدیاکانی جیهانیشەوە، بەڵام لەم نێوانەدا ڕێژیمی ئیران دیسانەوە وەک هەمیشە بە بێ گرینگیدان بە دۆخی خەڵکەکەی خۆی یان پارەی بۆ تێروپڕکردنی گرووپە نیابەتییەکانی لە سووریە و لوبنان ناردووە یان بە گەندەڵکاری و پێدانی مووچەی نجوومی و دزی لە ماڵی خەڵک، هەوڵی پڕکردنی گیرفانی مۆرەکانی خۆی داوە.

دابینکردنی ئیمکاناتی ژیان بۆ کەسانێک کە وەکوو نوێنەری مەجلیس نەک نوێنەری خەڵک دیاری دەکرێن، نیشانەی دیار و بەرچاوی هەڵاواردن لە کۆمەڵگای ئێرانە، کۆمەڵگایەک کە پاش زیاتر لە حەوت ساڵ هێشتا دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و پاش ٦ ساڵ دۆخی لافاولێدراوانی گوڵستان و لوڕستانی چارەسەر نەکردووە و ئێستاش بە پێدانی وادە و بەڵێنی درۆ هەوڵی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدات.

ئەم کەتوارە، حاشاهەڵنەگرە کە ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ تاکوو بە ناردنی مۆرە دەسنیشانکراوەکانی خۆی بۆ مەجلیس و لە نمایشێکی دیکەی هاوچەشنی ساڵانی ڕابردوودا، جیا لە سەپاندنی ڕەوایی بۆ خۆی، حەشیمەتێکی کۆیلە لە دەوروبەری خۆیدا کۆبکاتەوە کە تەنیا و تەنیا بە هێزی پارە لە دەوری خۆی رایانگرێت.

بەدڵنیاییەوە خەڵکانی ئێران چیدیکە دەنگ بە ستەمکار نادەن و بە بەتاڵ هێشتنەوەی بنکەکانی ڕێژیم، هیچ کەسێکی بەرژەوندیخواز و پارەپەرست وەک نوێنەری خۆیان ڕەوانەی مەجلیسی رێژیمی دیکتاتۆری ئێران ناکەن چوونکە باش دەزانن کە هەموو هەوڵی ڕێژیم و کاندیدە دەسنیشانکراوەکانی تەنیا و تەنیا ڕووتاندنەوەی ماڵ و گیانی خەڵک و داماڵینی کەرامەتی ئینسانییە لێیان.