کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ سەدە دواکەوتوویی لە چل‌و‌پێنج ساڵدا

10:50 - 1 رەشەمه 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

 

مێژووی مرۆڤایەتی هەمووی هەر هەنگاو بەرەو پێشەوە نەبووە، بەڵکوو زۆرجار مرۆڤایەتی بەرەو قوڵایی سیاچاڵەکانی دواکەوتوویی و ستەم کێشراوە و ساڵەکانی زۆری لە کیس داوە. لەنێوان دەوری ڕۆشنگەری یۆنانی پێشکەوتووی دێموکراسی تا دەستپێکردنی ڕێنسانیس سەدەی پانزدە زیاتر لە پانزدە سەدەی کێشا، لەو پانزدە سەدەیەدا کۆمەڵگە لە فەلسەفە و زانست و ئاوەزەوە بەرە و حوکمی پاشا و کلیسا ڕۆیشت و دوای پانزدە سەدە جارێکی دیکە هەنگاو هەنگاو بە ئاوەز و ئازادی بەرەو ڕۆشنگەری و پێشکەوتن و دونیای ئەمڕۆ هات.

لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی سەدەی نێوەڕاست حوکمی کلیسا و خوڕافە و پێشگری لە هەر پێشکەوتنێک بە ناوی دین و دانانی نوێنەری خودا لەسەر زەوی، کوشتن و بڕین و دوژمنایەتی بە ناوی خودا و فرۆشتنی بەهەشت بە خزمەتکارانی بەوەفای کلیسای ئەوکات بوو، دروست وەک بە نوێنەری خوا دانانی ویلایەتی فەقیهـ لە سەر زەوی و حوکمڕانی جەماران و ئەو هەموو کوشتن و بڕین و تیرۆرەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناوی ئایین دەکات.

سەرکوت و ڕانت و ڕیا و فێڵ و تایبەتمەندییەکی دیکەی پیاوانی ئایینی سەدەی نێوەڕاست بوو کە لە چل و پێنج ساڵی کۆماری ئیسلامیش زۆر بە ڕوونی دەبینین، هەر ئەوەش بە یەکێکی دیکە لە فاکتەرەکانی دواکەوتوویی هەژمار دەکرێ کە لە دواکەوتوویی ئێرانی ژێر دەستەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبینین.

زۆرن لەو تایبەتمەندییانەی کە وێکچوونێکی زۆریان هەیە لە نێوان سەدەکانی نێوەڕاست و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڵام ئەوەی وا دەکات کە ئەو دوانە زیادتر لێک‌بچن، دڕەندەیی و ستەمی ئەو جۆرە حوکمڕانیانە لە لایەک و کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی مرۆڤ و ئەو وڵاتانە لە هەموو بوارەکانی ژیان لەلایەکی دیکەیە، واتە دواکەوتوویی  چل‌وپێنج ساڵی کۆماری ئیسلامی بە ئەندازەی پانزدە سەدەی حوکمڕانیی سەدەکانی نێوەڕاستە.

هەر زوو ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە چۆن دەتوانرێ چل و پێنج ساڵ دواکەوتن وەک دواکەوتنی زیاتر لە پانزدە سەدە ببینین؟

هۆکاری ئەو لێکچواندنە بۆ دژایەتیی ئێمە بۆ کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە بەڵکوو بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە خێرایی پێشکەوتنی زانستی و بوارەکانی دیکە لە سەردەمی ئێستا لە کاتی دیاریکراودا بە بەراورد لە هەمان کات لە ڕابردوودا زۆر جیاوازە، چونکە ڕێژەی پێشکەوتن لە دونیای ئێستا یەکجار زۆرە هەر بۆیەش دواکەوتنی یەک‌ساڵی ئێستا بەرانبەر بە دواکەوتنی چەند دەیەی سەدەکانی نێوەڕاستە.

لەو ڕۆژەی کە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر کار هەرچی لە دەستی هاتوە بۆ دواکەوتنی وڵاتێکی خاوەن ماتەوزەی گەورە و و دەوڵەمەندی وەک ئێرانی کردوویەتی، تەنانەت ئەو دواکەوتوویە بە ڕادەیەک خەساری بە ئێران گەیاندوە کە بۆ دووبارە چاککردنەوەی لەوانەیە پێویستی بە ساڵانێکی درێژ بێت و هەر ڕۆژێکیش کە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەڕوا ئەو خەسارە گەورەتر و گەورەتر دەبێت.

لە دونیای خێرای پێشکەوتنی ئێستا کە تەنانەت وڵاتانی یەکەمی دونیا فریای پێشکەوتنەکان ناکەون و تەنانەت یاسا و پەروەردەی هەندێک لە پێشکەوتنەکان لە دوای پێشکەوتنی زانستی دەمێننەوە، لە ئێرانێک کە بەرەو دواوە هەنگاو هەڵدەگرێ چۆن دەتوانێ ئەو خەسارە قەرەبوو بکاتەوە جێگای پرسیار و سەرنجە بە تایبەتی کە ئێستاش ئەو حوکمڕانییە بەردەوامە.

بۆ بەرواردی دواکەوتنی ئێران لەو چل‌وپێنج ساڵە نموونەی کورەی باشوور دەتوانێ ڕوونکەرەوە بێ. کورەی باشووری چل‌وپێنج ساڵ پێش هەژارتر و هەروەها لاوازتر لە ئێرانی دەیەی حەفتای زایینی بوو، و هەموو ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنێن. بەڵام بە پلان و دێموکراسیی پێشکەوتوو کۆرەی باشوور ئێستا بووەتە یەکێک لە جەمسەرەکانی پێشکەوتن لە ئاسیا و تەنانەت دونیاش. هەر ئێستا لە هەر ماڵێکی ئەو دونیایە لە هەر شوێنێکی ئەو دونیایە لانیکەم براندێکی کورەی باشووری تێدایە، نەک هیچ براندێکی ئێرانی لە دەروەی ئێران نییە، بەڵکوو لەنێو ئێرانیش بە ئەستەمی براندی ئێرانی دەبیندرێ و ئێران بە دەستی سەدان گەورە قەیرانی سیاسی، ئابووری، ژینگەی، کۆمەڵایەتی و هی دیکەوە دەناڵێنێ. هەر بۆیەش چل و پێنج ساڵی دیکتاتۆرییەت و توتالیتەرییەت و ئۆتۆریتەرییەتی کۆماری ئیسلامی بە ئەندازەی سەدەکانی نێوەڕاست و تاریکیی ئورووپا کە زیاتر لە پانزدە سەدەی خایاند بگرە زیاتریش دواکەوتوویی ئافراندوە، بەرواردی تێرۆر و ستەم و سەرکوت و خووێنڕێژییەکەشی زیادتر نەبێ کەمتر نییە.

لە هەمووی ئەوانە مەترسیدارتر بەردەوامی ئەو حوکمڕانیەیە چونکە تا دەڕوا خەسارەکانی کۆماری ئیسلامی بە زیادەوە بەردەوامە، هەر چۆن ڕابردووی سوتاندوە بەڵکوو داهاتووشی خستووەتە مەترسیی سووتاندن، مەترسیدارتر ئەوەیە ئێرانی چل‌وپێنج ساڵ پێش تەنیا خۆی دەسوتاند ئێستا ناوچەیەکی گەورەی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو سووتاندن بردووە بەوەش نەوستاوە بە تێرۆر و کوشتن زیانی بە مرۆڤی ئەو پەڕی دونیاشی گەیاندووە.

چل‌وپێنج ساڵی کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە دیکتاتۆرییەتی هیتلێری ئەڵمان دواکەوتوویی دروست کردوە، چونکە ڕاستە شەڕەنگێزی هیتلێر ئەڵمان و ئورووپا و بەشێکی دونیای وێران کرد و بە میلیۆن مرۆڤی لەنێو برد، بەڵام هەندێک بونیادی کۆمەڵایەتی و زانستیی هێشتەوە کە ئەڵمان و ئورووپا بتوانن لە ماوەیەکی کەمدا وێرانییەکە ئاوەدان بکەنەوە و ڕێگەی پێشکەوتن لە کوێ وەستا بوو بەردەوامی پێ بدەنەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنیا وێرانیی شەڕەکان و ژینگەی نییە بەڵکوو هەموو بوارەکانی ژیانی کردۆتە ئامانجی دواکەوتوویی خۆی و هەر بۆیەش بە سەدەکانی نێوەڕاست دەشوبهێندرێت. بۆیە ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە بە ئەندازەی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە پانزدە سەدە تاریکی سەدەکانی نێوەڕاستی ئورووپا و بگرە زیاترە.