کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا ئێران خوازیاری شەڕێکە لە ناوچە؟

21:11 - 1 رەشەمه 2723

ئایا ئێران خوازیاری شەڕێکە لە ناوچە؟

 

سالم الکتبی (ئورشەلیم پۆست)

و لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ ساڵح

 

سەرەتا (وەرگێڕ): لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئێران و هەموو میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەریکن بە شێوەی هەماهەنگ هەموو ناوچەکە بەرەو ئاڕاستەیەک دەبەن و ئەو باوەڕە ساز دەکەن کە ئەمە واتە شەڕێکی بەرین لە داهاتوویەکی نێزیکدا. هەڵوێستی هێزەکانی دیکەش لە ناوچە، چ هێزی ناوچەیی و چ هێزی نێونەتەوەیی، بەرانبەر بەم کردەوانە جێی تێڕامانن.

ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر خەباتی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتتر هەڵوێستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەکوو گرینگترین فاکتەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان، ڕوانینێکی دروست بەرانبەر بەم ڕووداوانە و گرتنەبەری سیاسەتێکی دروست لە تیۆری و کردەوەدایە، هەم کورت خایەن و هەمیش درێژخایەن. خوێندنەوەی هەڵە لەو ڕووداوانە کە ئەمڕۆ خەریکن لە ناوچە ڕوو دەدەن، دەتوانێ بڕیاری هەڵەی بەدواوە بێت و خەبات بەرەو ئاقارێکی نادیار ببات.

ئەم وتارە لەو دەگمەن وتارانەیە کە لەم ماوەیەدا سەبارەت بەم خاڵە گرینگە نووسراون و ڕوانینێکی ڕێئالیستی و خوێندنەوەیەک لە سەر ئەساسی ڕاستی ڕووداوەکانی هەیە. نووسەر لە کۆتاییدا دەنووسێ: "ئێران هەوڵ دەدات تا ئەو جێگایە دەکرێ، شەڕ و ئاژاوە ساز بکات و ئەو باوەڕە بەهێز بکات کە خۆی هەم "کێشە"یە و هەمیش "چارەسەری"، و وتووێژ لەگەڵ تاران تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە سەقامگیری و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە بەر ئەم هۆکارانە، ئێران ڕیسکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات". واتە نووسەر شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بە دوور دەزانێ و ئەمەش خاڵێکی گرینگە کە پێویستە لە بەرچاوی بگرین.

 

ئایا ئێران بەدوای شەڕەوەیە؟

هەرکەسێک لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بەدواداچوونی بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردبێت، ئەو تێڕوانینە لای دروست بووە کە ئێران بەشێوەیەکی خۆکوژئاسا، هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانی لە ناوچە داوە.

بەڵگە بۆ ئەم بۆچوونەش هەڵسوکەوتی بێ‌بەزەییانەی پرۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەیە، لە کەرتی غەززە تا باشووری لوبنان، خاکی عێراق تا دەگاتە دەریای سوور و باب ئەلمەندێب کە خەریکن شەڕ و ئاژاوە دروست دەکەن.

سەرەڕای ئەوەش، تاران، خۆی، هێرشی مووشەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر بنکەیەکی گوماناوی هەواڵگری لە هەولێر ئەنجام‌داوە و هەروەها دامەزراوەکانی جەیش‌ئەلعەدلی لە خاکی پاکستاندا کردووەتە ئامانج.

بەکورتی، ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستێکی لە هەموو ناوچە قەیراناوییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. پەرەسەندنی قەیرانەکان و بەرزبوونەوەیان بە هەڵکەوت نییە، ئەمەش هەندێ پرسیار سەبارەت بە هەڵوێست و ئامانجی کۆماری ئیسلامی دەخوڵقێنێ.

ئایا ئێران بەڕاستی بەتەمایە تا ئاگرێکی بەربڵاوی ناوچەیی بۆ سەلماندنی کاریگەری و توانایی خۆیی بەرپا بکات؟ هەندێ قسەوباس سەبارەت بە خواستی جیددی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بۆ هەڵوێستی توند بەرانبەر ئێران و پرۆکسیەکانی (لە ناوچە) پاش شەڕی غەززە، لە ئارادایە.

بەڕای نووسەر ئێران دەرکی بەوە کردوە کە کاتی لێپرسینەوە گەیشتوە.

ئایا کاتی لێپرسینەوە لە ئێران بۆ ئەو ئاژاوەگێڕییانە سازی کردوون، هاتووە؟

(ئێران) یان پاداشتی بەرهەمهێنانی دەیان ساڵەی خۆی لە پێکهێنان، دابینکردنی ئابووری، ڕاهێنان و پڕچەککردنی میلیشیا وەفادارەکانی دەگرێت، یان مەترسیی لەدەستدانی بەشێک یان هەموو ئەم میلیشیایانە لە یەک کاتدا هەیە.

بەم پێیە، هەڵکێشانی ئاژاوەکان هەنگاوێکی ستراتێژیکی ڕێژیمی ئێرانە بۆ نیشاندانی ئەوە کە توانای دروستکردنی گرژی و بڵاوکردنەوەی ئاژاوەی لە دەوروبەری ئیسرائیل، واتە گرینگترین هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەیە.

پەیامەکە ئەمەیە: ئەم هەڕەشانە بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکان ڕاناگیردرێن، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئێران، بۆ هاوبەش‌کردنی "بەرژەوەندییەکان" و "کاریگەرییە ناوچەییەکان"، ئیمکانی هەیە. ئێران لەوە تێگەیشتوە کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە چارەسەری گشتگیرە، نەک سازشی ناتەواو و کاتی.

هەموو لایەنەکان لەوە تێ‌گەیشتوون کە کاتی هێورکردنەوەی قەیرانەکان کۆتایی هاتوە و دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی بۆ پرسی فەلەستین و تا ڕادەیەکی کەمتر بۆ پرۆکسیە تێرۆریستەکانی ئێران وەک حیزبوڵڵا. حیزبوڵڵا بووەتە کێشەیەکی گەورەی ستراتێژیک بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.

لەم چوارچێوەیەدا، دەستێوەردانی زۆری ئێران لە کارووباری ناوچە وەکوو کردەوەیەکی ستراتێژیک و بەڕواڵەت بۆ بەرگری خەڵکی فەلەستین سەیر دەکرێت. لەگەڵ ئەمەش، ئێران بە وردی حەسابی بۆ ڕۆڵی خۆی لەم کۆنتێکستە کردوە. تاران نایهەوێ ڕاستەوخۆ لە شەڕ چ دژی ئیسرائیل و چ دژی ئامریکا بەشدار بێت.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێ پابەند بێ بەوەی کە پێی دەگوترێ "سەبری ستراتێژیک". باسی شەر نییە، بەڵکوو دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان و کاریگەرییەکانە. هەر بۆیە هەر کارێک ئێران دەیکات، دەسپێک و کۆتاییەکەی بە بەهێزبوونی پێگەی و هەڵوێستی لە دانووستانەکان دەبێت. لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات لە وروژاندن و دنەدانی لایەنەکان تا ئاستی شەڕی سەرتاسەری و هەمەلایەنە، خۆی دوور بگرێ.

ئێران ئاگادارە کە دوژمنە ستراتێژیکەکانی، بە تایبەت ئیسرائیل و ئامریکا، بە لەبەرچاوگرتنی کاتی نالەبار بۆ هەر دوولا (ئیسرائیل لە بواری سیاسی و نیزامی سەرقاڵی شەڕی ‌غەززەیە، و ئامریکاش خوازیاری شەڕێکی نیزامی گەورە لە ساڵی هەڵبژاردن نییە)، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، خۆیان دەپارێزن.

لەم ڕۆوە تاران بە پارێزنەکردن (واتە دروستکردنی گرژیی زۆرتر) ڕیسکێکی زۆر گەورە دەکات. لەگەڵ ئەوەش، ئێران دەزانێ کە دەتوانێ جڵەوی دژکردەوەی میلیشیاکان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئامریکای لەدەستدا بێت، هەرچەندیش گەورە و بەربڵاو بن. ئەمە لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کوشتنی چەندکەس لە فەرماندەکانی سپای پاسداران بەڕوونی دیار بوو. ئەوکات ئێران بە دەربڕینی "تووڕەیی" و گوتنی "تۆڵە لە کاتی خۆی" قەناعەتی هێنا و بڕایەوە.

هەڵوێستی ئێران لەم بابەتە لە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بەو شەڕە ناڕاستەوخۆوە کە خەریکیەتی. تاران باوەڕی وایە دەتوانێ سەرکەوتنی ستراتژیک لە بەرانبەر ئامریکا و ئیسرائیل بە دەست بێنێ، بەبێ ئەوەی لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵیان بەشدار بێت. بە لەربەرچاو گرتنی ئەوەی ڕژیم لە نێوخۆ تووشی ناڕەزایەتیی خەڵک و قەیرانی ڕەوایی بووە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ مەترسی لەنێوچوونی بەتەواوەتی (ڕێژیمی) بەدواوەیە.

لەگەڵ ئەوەش، جیددیترین سێناریۆ بۆ بڕیاردەرانی ئێران، جێبەجێکردنی ڕێگەچارەیەکی سیاسیی نێونەتەوەییە کە ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوە حەماس لە کەرتی غەززە پەراوێز بخرێت. لە حاڵێکدا ئەم سێناریۆیە پێوەندی بە ئەنجامی شەڕی ئێستا لە ناوچە هەیە، بەڵام تاران باش دەزانێ کە لە لێواری وەدیهاتن‌دایە.  ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا پێویستە سرنجی خۆیان بخەنە سەر بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ میلیشیاکانی ناوچە، بە تایبەت حیزبۆڵلای لۆبنان، حوسییەکانی یەمەن و کوتلە شیعەکان لە عێراق. ئەمەش واتە ئەگەری پێکهێنانی ئێتێلافێک لە بەرانبەر ئێران تا ئەگەر تێکەڵی شەریش نەبێت، بەڵام لانیکەم لە ناوچە پەراوێز بخرێت و لە کۆتاییدا وردە وردە پاشگەز بێتەوە.

لە سەر ئەم ئەساسە، ئێران هەوڵ دەدات تا ئەو جێگایەی دەکرێ شەڕ و ئاژاوە ساز بکات و ئەو باوەڕە بەهێز بکات کە خۆی هەم "کێشە"یە و هەمیش "چارەسەری"، و وتووێژ لەگەڵ تاران تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە سەقامگیری و ئەمنیەت (ئاسایش) لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە بەر ئەم هۆکارانە، ئێران ڕیسکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات. تاران دەزانێ کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە سەبرێکی ستراتێژیک و سنووردارکردنی هەرجۆرە ڕیسکێکە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەیە کە ساڵەهایە بەدوایاندا بووە.