کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە بەردەم سۆنامیی ڕق و بێزاریی خەڵکدا

14:40 - 4 رەشەمه 2723

 برایم لاجانی

ئەمساڵ لە کاتێکدا کە  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یادی ٤٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی دەکاتەوە، لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی هەموولایەنە بەڕەوڕوویە. بەهۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و بێزاریی چین و توێژە  زەحمەتکێشەکان  لە سیاسەتە دژی‌گەلیەکانی ڕێژیم، دۆڵێکی بەرین کەوتۆتە نێوان دەستەڵاتی فەرمانڕەواو و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی وڵاتەکەمان. وەزعێک هاتۆتەپێش کە خەڵک بەئاشکرا و بێ‌پەردە داوای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی و بنەڕەتی دەکەن.

هەموو ئەوانەی چاوەدێریی بارودۆخی سیاسیی ئێران دەکەن لەسەر ئەو بڕوایەن ئیدی ئێستا ڕێژیمی ئاخوندی لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری میللەت دەستەویەخەیە. خەڵک بەجۆرێک لەبەرانبەر ئیستبدادی ڕەشی مەزهەبیدا ڕاوەستاون کە پارسەنگی خەبات و بەربەرەکانی بە قازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران گۆڕاوە. زۆربەی خەڵک هیچ بڕوا و متمانەیەکیان بە ڕێژیم و دارودەستە جۆراوجۆرەکانی نێو دەستەڵاتی ئاخوندی نەماوە. لەلایەک کەس بڕوا بە وادە و بەڵێنی کاربەدەستانی ڕێژیم و فڕوفیشاڵی دەزگا تەبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ناکات،  لەلایەکی دیکەشەوە ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی دوایی نیشانی داوە سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ و گرتن و ڕاونان و ئێعدامیش، ئیدی کارایی خۆی لەدەست داوە.  بەکورتی هەلومەرجێکی تازە هاتۆتەپێش کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ نییە. ئێستا لاوان، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، ڕێبەرانی ئایینی، ڕۆژنامەنووسان، بازاڕیان و هتد سەرتاسەری  شەقام و شوێنەگشتی و تەنانەت زیندان و ئەشکەنجەگاکان و ناداگاکانی ڕیژیم و سەرداری سێدارەشیان کردۆتە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی و بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات و بەرخۆدان بەدژی ڕێژیم.

 چین و توێژە زەحمەتکێشەکان کە زۆربەی هەرەزۆری حەشیمەتی وڵاتەکەمان پێک‌دێنن و لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەژین، کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بە هۆکاری بنەڕەتیی ئەو بارودۆخە نالەبارە دەزانن کە ئەوان و باقی خەڵکی ئێران دەگەڵی بەرەوڕوون. گەلانی ژێرستەمی وڵاتەکەمان کە لەژێر ستەم و چەوسانەوەی چەند قاتدا بەسەردەبەن، سیستەمی سیاسی و سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی بە کۆسپی سەر ڕێگای گەیشتنی خۆیان بە ئازادی و مافە نەتەوایەتی و فەرهەنگییەکانی خۆیان دەزانن. لەوەش زیاتر هەم  چین و توێژە زەحمەتکێشەکان، هەم گەلانی چەوساوەی ئێران و هەم ژنان و لاوان و هێزە پێشڕەوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران، لەوە تێگەیون کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ماهییەتی کۆنەپەرستانە و دژی گەلیانەی خۆی، قەت ناتوانێ قازانج و بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان و ژیانێکی پڕ لە کەڕامەت و خۆشبژیوی بۆ خەڵکی ئێران دابین و دەستەبەر بکات.

شۆڕش و ڕاپەڕینی ژینا کە پار لە کوردستانەوە دەستی پێ‌کرد و لە ماوەیەکی زوودا سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، دەریخست کە خەڵک نەک هەر بەتەواوی پشتیان لە ڕێژیم کردوە، بەڵکوو هەرچەشنە ئومێدێکیان بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئازادی و خۆشبژیوی و خێروخۆشیی خۆیان لە سێبەری حکوومەتی ئاخوندیدا لەدەست داوە. ڕاپەڕین و خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە زانکۆکاندا، لە مەیدانە گشتیەکاندا، لە قوتابخانەکاندا، لە مزگەوت و ناوەندە پیشەشازی و ئابووری و فەرهەنگیەکاندا و لە بازاڕەکاندا، لە بەردەرگای زیندانەکاندا، لەسەر گۆڕی شەهیدەکان و لە چلەی ماتەمینی ئەواندا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم،  نیشانی دا کە زۆربەی هەرەزۆری میللەت توانای ئەوەیان تێدایە بۆ ڕزگاری خۆیان و پێکهێنانی گۆڕانکاری سیاسی لە وڵاتەکەیاندا، بەرەنگاری کۆنەپەرستی ببنەوە.

ڕاستە حکوومەتی ئاخوندی بەدرێژایی تەمەنی خۆی بە دەیان دامودەزگای جۆراوجۆری سەرکوتی بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی و بۆ خامۆشکردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک لەنێو خەڵکدا پێک‌هێناون. بەڵام ئێستا بۆ هەموو لایەک دەرکەوتوە کە ئەو هێزە سەرکوتکەرانە، سەرەڕای ئەوەی کە بوودجە و ئیمکاناتێکی زۆر و هەموو لایەنایان لە ئیختیاردایە و بۆ کوشتن و تۆقاندنی خەڵکیش بەتەواوی دەستیان ئاواڵایە، کەچی لە مەیدانی کردەوەدا لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەماوەری تووڕە و ناڕازیدا، کارایی جارانیان نەماوە و ورەی خۆیان لەدەست داوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت دارودەستە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەڕووی سیاسی و ئەخلاقیەوە هیچ ئیمان و بڕوایەکیان بەو سیستەمە سیاسییە دواکەوتووانەیە نەماوە کە ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە  دەستەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە گرتوە و وڵاتەکەمانی لەگەڵ ئەو چارەنووسە تاریکە بەرەوڕوو کردووە کە ئێستا بەدەستیەوە گیرۆدەیە.

هەتا دێ ڕێژیم بێزراوتر دەبێت، کار گەیشتۆتە جێگایەک کە تەنانەت ئەو پایەگا جەماوەریەشی لەدەست داوە کە ساڵانێک بە هەندێک هۆکاری مەزهەبی و جۆراوجۆری دیکە، وەک لایەنگری کۆماری ئیسلامی  لەقەڵەم دەدرا. ئەوەش بەنۆرەی خۆی نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و فەلسەفیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەیە لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

ئێستا ئیدی خەڵک ڕووی ڕاستەقینەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و ماهییەتی دارودەستە جۆراوجۆرەکانی نێو دەستەڵاتی ئاخوندیان بۆ دەرکەوتوە. نە ئیدیعای ئیسلام‌پەنایی، نە فڕوفیشاڵی دژی ئیمپڕیالیستی، نە تەبلیغاتی لایەنگریی لە هەژاران و چین و توێژە مەینەت‌بەشەکان، نە وادە و بەڵێنی بۆ بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی ئینسانی ئێرانی و نە دروشمە بریقەدارەکانی دیکەی دەزگا تەبلیغاتی و ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم، ناتوانن خەڵک بەگشتی و بەتایبەتی نەوەی تازەپێگەیشتوویی ئێران کە لە سێبەری حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا گەورە بووە بەفریو بەرن. ئاخر جیا لە نەسلی سەردەمی ساڵی ١٩٧٩، دوو نەسلی دیکەش لە سێبەری ئەو ڕێژیمەدا پێگەیون کە بەئێسک و پێستەوە، نێوەرۆکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئەو ڕێژیمەیان بەتەواوی ناسیوە. ڕادەی ناڕەزایەتی خەڵک لە دەستەڵاتی ئاخوندی گەیوەتە جێگایەک کە خەڵک لە هەموو ئەو نرخ و بایەخانە بێزارن کە بڵنگۆ تەبلیغاتی و دەزگاکانی سیاسەت‌گوزاری دیکەی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک کاریان لەسەر دەکەن. لە نێو هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا، ئەمڕۆ مزگەوتەکان لە وڵاتی ئێمەدا، بێ ڕەونەوقترین شوێنی خواپەرستی و عیبادەتن. ئەوە مانای ئەوەیە خەڵکی ئێران لەوە تێگەیشتوون کە حکوومەتی ئاخوندی دین و مەزهەبی کردوون بە وەسیلەی بردنەپێشی سیاسەتە دژی گەلیەکانی خۆی و ئامڕازێک بۆ پاراستنی دەستەڵات.

ڕێژیمی ئاخوندی لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەستەڵاتداریەتی خۆیدا، بەو هەموو ئیمکاناتەوە کە وڵاتێکی وەک ئێران دەتوانێ لە ئیختیار هەر حکوومەتێکی بنێت، وڵاتەکەمانی لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیەوە تووشی قەیرانێکی قووڵی هەمە لایەنە کردوە کە هەروا دێ و ئاسەوارەکانی پتر دەردەکەون. هەژاری و مەینەت‌بەشیەکی بەرین، بەرۆکی خەڵکی گرتوە، بێکارییەکی بەرین لە گۆڕێدایە، ڕۆژانە پۆل پۆل لاوان و خوێندکاران وڵات بەجێ دێڵن، ئیعتیاد وەک مۆتەکە بەرۆکی سەدان هەزار بنەماڵەی گرتوە، سیستەمی پەروەردە و فێرکردن خەریکە بەتەواوی بێ‌نێوەرۆک دەبێت، شوێنەوارێک لە ئازادی بەیان و چاپەمەنی وەبەرچاو ناکەوێ، دەزگای قەزایی بەئاشکرا دەستوور لە دامودەزگا ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکان وەردەگرێ، ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە ئاستێکی بەریندا پێشێل دەکرێن، هیچ ڕۆژێک نییە ژمارەیەک ئازادیخواز لە دار نەدرێن، زیندانەکان پڕن لە خەڵکی ناڕازی، ژنان و کچان لە لە هەموو شوێنێک لە بەردەم هەڕەشە و تەحقیر و بێبەشی و هەڵاواردن دان، زانکۆکان بوونەتە پایەگای بەسیج و بنکەی جاسووسی،  کەمایەتییە فەرهەنگی و مەزهەبییەکان لەژێر شاڵاوی سەرکوت‌دان، گەلانی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، بەلووچستان، خوزستان و تورکمەن‌سەحرا نەک هەر لە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان بێبەشن، بەڵکوو لەژێر ستەم و سەرکوتێکی چەند بەرانبەردان. لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیشدا، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتە هۆی ئەوەی ئێران دوورەپەرێز بکەوێتەوە و لە کردەوەدا بکەوێتە دەرەوەی سیستەمی سیاسی و ئابووری و بازرگانی دونیا و ناوچەکە. ئەمەش زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەمان بەدواوەیە.

ئەو وەزعە کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ بێ دەرەتانییەکی تەواو بەرەوڕوو کردوە. ماهییەتی دواکەوتووانە و دژی‌گەلیانەی ڕێژیم بەجۆرێکە کە بە هیچ جۆر توانای چارەسەری ئەو گیروگرفتانەی نییە کە وڵاتەکەمان لە ئاکامی دەستەلاتداریەتیی سەرەڕۆیانەی ئەو ڕیژیمەدا، لەگەڵیان دەستەویەخەیە.

ئێستا ئاستی وشیاری خەڵکی وڵاتەکەمان لە چاو ڕابردوو زۆر چۆتە سەر. نەوەیەکی تازە پێی ناوەتە مەیدانی ژیان و خەبات کە چاوکراوەیە و بە ژیانێکی کەمتر لەو ژیانە ڕازی نییە کە مرۆڤایەتی هاوچەرخ  بۆ هەمووکەسی بەڕەسمی ناسیوە. یانی ژیان لە ئازادی و دێموکراسی و عیززەت و کەڕامەت و شکۆی ئینسانیدا. ئەمەش لەگەڵ ئەو ڕێوشوێن و پرنسیپانە ناگونجێ کە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی دەستەڵاتی جەهەننەمیی خۆی تێکۆشاوە بەسەر خەڵکی ئێرانیاندا بسەپێنێ. خۆ لەخۆڕا نییە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئاستەکاندا و لەلایەن هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانەوە، وەک ڕێژیمێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو لە قەڵەم دەدرێ کە پێویستە لەسەر دەستەڵات لاببرێ.

هەلومەرجێک هاتۆتەگۆڕێ کە ئیتر ڕێژیم ناتوانێ ویستی ئازادیخوازیی خەڵک بەگشتی و لاوان و ژنان و خوێندکاران و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و گەلانی چەوساوەی ئێران خەفە بکات. بۆیە چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە هەڵبژاردنەکانی چەند هەفتەی داهاتوودا، سەرەڕای هەموو ئەو فشار و چاوەڕوانییەی کە ڕێژیم  بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا وەڕێی خستووە، خەڵک سندوقەکانی دەنگدان بایکۆت دەکەن یا بەجۆرێک ئەو دەرفەتە بۆ نیشاندانی بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم و سیاسەتەکانی دەقۆزنەوە.

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لە هەموو باریکەوە لەگەڵ بنبەستی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی خۆی بەرەوڕوویە. نە سەرکوتی زۆرتر، نە هەوڵدان بۆ خۆخڕکردنەوەی زیاتر، نە کەلک‌وەرگرتنی ناڕەوا لە دین و مەزهەب و نە پەلەقاژە بۆ ناردنە دەرەوەی قەیرانەکانی خۆی لە ڕێگای ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەدا، ناتوانن ئەو ڕێژیمە لەبەرانبەر ئەو مەترسییە حەتمییەدا بپارێزن کە لە پێشی‌دایە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو  واقعیەتە سیاسییەدایە  کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەی دواکۆبوونەوەی ناوەندی ڕێبەرایەتیی خۆیدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێک‌هات بۆ جارێکی دیکە یەکدەنگ و بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەوە پێی لەسەر "بەرزنرخاندنی خەباتی مەدەنی و جەماوەری، یەکخستنی هێز و وزەی خەباتگێڕیی کورد لە ئێران و بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و زەروورەتی یەکگرتوویی و هاوکاریی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی" داگرتەوە.

 حیزبی ئێمە لەوە دڵنیایە کە سەرەنجام زۆر ناکێشێ کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە بەر سونامیی ڕق و بێزاریی خەڵکی ئێران و وەک هەموو ڕێژیمە دژی‌گەلی و سەرەڕۆکان دەچێتە نێو زبڵدانی مێژوو.