کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕوانامەی ددان‌پزیشکیی خۆمانە

14:54 - 4 رەشەمه 2723

دارسمە

ئەگەر بتوانی بۆ ماوەی پەنجا ڕۆژ ددان بە جەرگت دابگری و یەک ملیارد و دوسەد هەزار تمەنت هەبێت و بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی دوکتۆرای ددان بیدەی، دەبی بە دوکتۆری ددان. پەنجا ڕۆژەکەش ناچیە زانکۆی پزشکی و هەر لە ماڵی خۆت چاوەڕوان دەمێنیەوە هەتا بەڵگەنامەکەت بۆ ئامادە دەکرێت. ئەوانەی ئەو بەڵگەنامەیەت بۆ ئامادە دەکەن، پەنجا ڕۆژ کاتیان بۆ ئەوەیە ئەم بڕە پارەیەی لێت وەردەگرن، بە شێوەیەکی شیاو لەنێوان کاربەدەستاندا دابەشی بکەن و هەموویان بەپێی ئەو کارەی دەیکەن، بەشەپارەی خۆیان پێ بگات.

ئەرکی ئەو نێوەندەی لە پڕێکدا دەتکات بە پزیشکی ددان:

ئەمە قسەی ڕۆژنامەی ئیعتمادی چاپی تارانە. ئیعتماد لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ ڕێبەندانی ئەمساڵدا بەدوای سەرچاوەی ئەم هەواڵەدا چووە و پشت‌ڕاستی کردووەتەوە، لە ماوەی ئەم پەنجا ڕۆژەدا و لەبەرانبەر ئەم یەک میلیارد و دووسەد میلیۆن تمەنەی لێت وەردەگیرێت، بەڵگە‌نامەیەکی دوکتۆرای پزیشکیی ددانت بۆ دروست دەکەن هەموو فایل و دۆسیەی پێویستی لە زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵای کۆماری ئیسلامیدا بەردەست دەبێت و پێش بەو بوختانەش دەگیرێت بڵێن بەڵگەنامەکەت دەستکردە و بە ماندووبوونی خۆت پێی نەگەیشتووی.

ئەرکی ئەو پزیشکەی دەبێتە خاوەنی بڕوانامە:

ئەمەی سەرەوە ئەرکی لایەنی سەر بە کۆماری ئیسلامی بوو بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکەت بۆ دروست بکەن، بەڵام ئەرکی خۆت وەک دوکتۆری ددان  لێرەوە دەست پێ دەکات. بەشیک لە ئەرکەکەت ئەمەیە هەتا ئەوکاتەی دەتخەنە نێو گۆڕیچەی قەبر و بەردانت بە سەردا ڕەیاڵ دەکەن و پاشان دوکتۆرێکی گەورە و گران بە فۆتنی گەوە بە بۆڵدکراوی لە پێش ناوت لەسەر ڕاگەیەندراوی مردن و سەنگی مەزارت دنووسن، مافی ئەوەت نابێت باس لە چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەم بەڵگەنامەیە بکەی.

لەماوەی پەنجا ڕۆژی دیاریکراویشدا نابێت لە ماڵەوە دانیشی و چاوەڕوانی ئامادە کردن و هاتنەوەی دوکتۆراکەت بی. بەڵکوو پێویستە لە ماوەی ئەم پەنجا ڕۆژەدا خەریکی خۆئامادە‌کردن بی و هەندێک ئەرک هەن پێویستە پێش ئەوەی نۆڕینگە (مطب)بکەیەوە، ڕایانپەڕێنی:

١-‌ ئەگەر لە شارێکی بچووک دەژی، پێویستە لە شارەکەوە بۆ شارێکی دی لە پارێزگایەکی دیکە بار بکەی و ئەوکاتەی دەگەیە شوێنی نوێ پێویستە ناوی دوکتۆر بخەیە پێش ناوی پێشووتەەوە. بەڵام ئەگەر لە شاری گەورەی وەک تاران، شیراز، ئیسفه‌هان،  تاران و مەشهد دەژی، چەند کارێکی وەک بارکردن بۆ گەڕەکێکی دوور لە گەڕەکی خۆت و هێندێک نەشتەرگەریی جوانکاری لە سەر دەم‌وچاوت کارت ئاسانتر دەکات.

٢- ‌ پێویستە لە ماوەی ئەم پەنجا ڕۆژەدا خۆت فێری ناوی هەموو ئەو ئامێرانە بکەی لەمەودوا وەک پزیشکی ددان پێویستت پێیان دەبێت. "سکیلێر" بە هەموو جۆرەکانیەوە، "درێل" بە هەموو ئانگڵەکانیەوە، هەمو جۆرەکانی "پەنس" و "مەقاش" و "ساکشن" و "سەرشاکشن"ی جۆراوجۆر و زۆر کەرەستەی دیکەی کاروباری ژووری نۆڕینگەی پزیشکیی ددان پێویستیان بە فێربوون و لەبەرکردن و تەنانەت لێک جیاکردنەوەش هەیە.

سوودی وەرگرتنی ئەم جۆرە بڕوانامەیە:

١‌- پێویست ناکات بە مەبەستی زانینی ناوی دوازدە ئیمامان و بێبەری‌بوون لە خزمایەتی دەگەڵ کەسانی دژ بە دەستەڵات لەلایەن دەستەی چاودێریکردن لە زانکۆ تاقی بکرێیەوە.

٢- پێویست ناکات بۆ ماوەی چوارپێنج ساڵان هاتوچۆی زانکۆ بکەی و بەهۆی پشتیوانی‌کردنی هاوپۆلانت لە پێناو لادانی لەچکە تەسەکە کەسەکەیان سزا بدرێی. خۆشت شەڕی قژی ڕووت و کراسی قۆڵ‌کورتی بەرت بکەی. 

٣‌- ‌ تەنانەت لە ماوەی ئەو پەنجا ڕۆژەی بۆشت دیاری کراوە، ناچیە "سێڵف‌سرڤیسی" زانکۆ و سێ‌ژمە دەتوانی لەجیاتی "خواردەمەنیی بەپەلە"(فەست فوود) و خواردنی زانکۆ، لە ماڵی خۆتان دۆکوڵیو، حەوت‌ترینگە، شۆرباو هێلکە، بەربەسێڵ، ترخێنە، دۆغەوا، قۆڕمەسەوزی، "گوێزێنە" (فسەنجون) و سەنگەسیریش بخۆی.

٤- هاوسەرت لە درەنگ گەڕانەوەت لە زانکۆ دڵی لێت ناهێشێت و گومانی ئەوەی نابێت لە دەرەوە خەریکی دڵداری و مڵداری بی.

 چێژی خۆشی ژیانی بە دوکتۆربوون:

دوای ئەوەی بەڵگەنامەکەت وەرگرتەوە، نۆڕینگەت دانا و دەستت بە کاری ددان کرد، جگە لەوەی پارەیەکی باش کۆ دەکەیەوە، بە هیمەتی ئەو نەخۆشانەی بە داوتەوە دەبن، زیاتر لە یەک میلیارد و دووسەد ملیۆنەکە پەیدا دەکەی و پارەداریش دەبی و فڕوفیشاڵی بەدوکتۆربوونەکەش هەر مەپرسە و لێی تێر نابی.

جا ئەوکاتەی "کارپوول" دەخەی سەر "سورەنگ" و دەرزیی "لیدۆکاین" لە پووکی نەخۆشی بەردەستت دەدەی و لالێوی دەتەزیت و بە شێوازێکی ناوازە پێت دەڵێت دوکتۆر، هەر شیرنە بیر لەو پارەیە بکەیەوە دوای قیت‌بوونەوەی نەخۆش بە دەمی پڕلە خوێن و لۆکەوە لە چەنگی دەردەهێنی.

لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە ئەوانەی بەڵگەنامەکەیان بۆ حازر کردوویە، تەلەفۆنت بۆ دەکەن و دەڵێن جەنابی دوکتۆر لەبەر ئەوەی ڕاستی و دروستیی تۆمان لە خزمەت بە ئۆممەتی هەمیشە دەرسەحەنە بۆ دەرکەوتووە، بە بەربژێری ئەندامەتیی مەجلیس دیاری‌ کراوی و شوڕای نیگەهبانیش نەک هەر هەر شیاویەتیتی پشتڕاست کردووەوە، مسۆگەریشی کردوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەندامی مەجلیسی. 

ڕێک لێرەدایە جەنابی دوکتۆر پێویستیی بە لەبەرکردنی ناوی ئامێرەکانی پزیشکیی ددان نامێنێت و لەمەودوا لە سەحنی عەلەنیی مەجلسی جەنابی دوکتۆر بۆی پاڵ دەداتەوە.