کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا ئەمریکا دەبێ هێرش بکاتە سەر ئێران؟

14:58 - 4 رەشەمه 2723

ئایا ئەمریکا دەبێ هێرش بکاتە سەر ئێران؟

 

ئانهرد – ڕوئەل مارک گەرەشت

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

حاشای لێ ناکرێ هێزە بەکرێگیراوەکانی ئێران بایەخێکی زۆریان لەچاو تێچووەکانیان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە زۆربەیان سەرچاوەی داهاتی خۆیان هەیە، پشتگیریی دارایی ڕێژیم لە میلیشیا هاوپەیمانەکانی، لە نێویاندا حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و حوسییەکان، ڕەنگبێ لە چەند میلیارد دۆڵار لە ساڵدا تێ‌نەپەڕێ، ڕەنگبێ لەوەش کەمتر بێت. بۆ وێنە حیزبوڵڵا، گەلێک ماددەی سڕکەر دەگوێزێتەوە، کۆنتڕۆڵی بەسەر هاوردەدا هەیە، بەشێک لە داهاتی بازرگانەکانی لوبنان دەستێنێ و،  سیستەمی مافیایی یەک لە دەی بە سەر کۆمەڵگە شیعەکانی وڵاتانی گەشەسەندوودا سەپاندوە. 

ئەو بەکرێگیراوانە گەلێک لە هێزی ئاسایی سەربازیی ئێران هەرزانترن و لە کێشە زۆرەکانی ناوچەدا گەلێک بەکەڵکترن. ئەوان هەروەها لە ڕوانگەی سیاسییەوە کەمتر پەرتەوازەن. شەڕە دەرەکییەکانی ئێران لەنێو لاوەکانیدا، کە هەر ئێستا حکوومەتی ئاینییان بە ناڕەزایەتی بەربەرین هەژاندوە، لایەنگری نییە و ئەوە شتێکی دژوارە چونکە ئێران بۆ پڕ کردنەوەی لانی کەم نیوەی هێزی سەربازیی خۆی پشت بە لاوانی سەرباز لە ڕیزەکانی سوپای پاسداران دەبەستێ. ناردنی درێژ مەودای سەربازانی ناڕازی بۆ دەرەوەی وڵات، ستراتێژییەکی ڕیسکدارە. بەڵام شەڕی بەوەکالەت تەنیا هەر سیاسەتی باش نییە، بەڵکوو سیستەمی تیۆکراسیی ئێرانیش لەسەر پێ ڕادەگرێ. چونکە ڕەوایی سیاسی و ئایینییان لەنێوخۆی وڵات تێکڕماوە، ئێلیتی دەسەڵاتدار چاوی بڕیوەتە دەرەوەی وڵات. مەلاکانی ئێران گەلێک کەیفخۆش بوون کاتێک میلیشیا هاوپەیمانەکانیان لە عێراق شکستیان بە جیهادییە سوننیەکانی عەڕەب و وڵاتە یەکگرتووەکان هێنا و سوکناییان بە دڵدا هات کاتێک حکوومەتی سەرەڕۆی سوورییەیان لە ٢٠١٢ لە ڕووخان ڕزگار کرد. ئەگەر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە تێک‌شکابا، ستراتێژیی تاران بۆ دژایەتیی ئەمریکا، ئیسڕائیل و لاوازکردنی سوننییەکان کە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ بەولاوە برەوی پێداوە، هەرەسی دەهێنا.

لەو دواییانەدا، ٧ی ئۆکتۆبر و شەڕی غەززە بوونە هۆی شاگەشگە بوونی ئێلیتی سیاسیی ئێران و، بانگی فریودەرانەی لایەنەکانی دیکە لە ناوچەکەدا، کە پێیان وابوو ناتوانن خوێنی جوولەکە بڕێژن. شەڕەکە، بە ڕێژەی پەرەئەستێنی قوربانییەکانی لەنێو خەڵکی مەدەنیدا و وێرانییە بەربڵاوەکەی لە کەرتی غەززە، ڕەنگبێ ئامرازێک بێ بۆ ڕێژیمی مەلاکان لە ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە نێو "بەرەی مقاومەت"دا کە زۆرینەیان شیعەن، تا پێگەی خۆیان لە بڕوادار و سێکولارە سوننییەکاندا وەدەست بێننەوە. لە دوای شەڕی نێوخۆیی سووریە، کاتێک ئێران یارمەتیدەری کوشتاری دەیان هەزار عەڕەبی سوننی بوو، ئەو پەیوەندییە گرژیی تێ‌کەوتبوو.

بێتوو ئیسڕائیل لە تێک‌شکاندنی حەماس ناسەرکەوتوو بێ، بێتوو ئەو داوەڵە وەکوو قەقنووس لە وێرانەکانی غەززە، دوای پاشەکشەی ئیسڕائیل، سەر هەڵێنێتەوە، ئەوسا ئێران شانازیی بەرگریی سەرکەوتووانە دژی زایۆنیست و ئەمریکاییەکان بۆ خۆی دەگێڕێتەوە. بەرگرییەکی درێژخایەنی حەماس، کە بێگومان لە ئەگەری داگیرکرانەوەی غەززە لە لایەن ئیسڕائیلەوە گەلێک زۆرە، دەبێتە هۆی ئەوە کە تاران سەرچاوەیەکی ئیلهامدەری شانۆی ئۆپەراسیۆنانی بۆ دەستەبەر بێ. کێشەی کەرتی غەززە وا دەکات تاران بەکرێگیراوانی  هان بدا زەرەری زۆرتر لە ئیسڕائیل و ئەمریکا بدەن. کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی لە ئۆردۆن بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە حەوتووی ڕابردوودا، ڕەنگبێ دەستپێکی ئەو ڕەوتە بێ.

لەگەڵ ئەوەشدا وێناچێ ئەمریکا خوازیاری تۆڵەئەستاندنەوە بێ. دنەدانەکانی مەلایان تا ئێستا لە ورووژاندنی ئیسڕائیل و ئەریکا بۆ هێرشی تۆڵەئەستێنانە دژی ئەو بێ‌ئاکام بووە؛ ئەوپەڕەکەی، ئەوە بۆتە هۆی هێرش بۆ سەر هاوبەشە عەڕەبەکانی ئێران. هۆیەکەی ئەوەیە واشینگتۆن و ئورشەلیم لە قووڵکردنەوەی گرژییەکان دەترسن، ئەوەی لەپێشدا بۆ ترسی "جەنگێکی بێکۆتایی" دیکە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە و، ئەوەی دواتر، چونکە لە توانایی هێزی ئاسمانی و پاراستنی هێرشی هاژەکی بۆ پاراستنی تەل ئاڤیڤ لە حیزبوڵڵا و ئێران دڵنیا نین. بەڕاستی دابین کردنی هاژەک لە لایەن ئێرانەوە بۆ دۆستەکەی لە لوبنان، ڕەنگبێ ئیسڕائیلی لە دەستپێکی هێرشێکی داگیرکاریی زەمینی دیکە لە سنووری باکووری وڵات چاوترسێن کردبێ و لاوازیی بەرپەرچدانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل ڕەنگبێ بووبێتە هاندەری خولیا ناوکییەکانی ئێران. ڕێبەری گەوری ئێران، عەلی خامنەیی، دەزانێ کە ئێستا ئەو خاوەن‌دەسەڵاتە.

ئەمڕۆ، بەکرێگیراوانی ئێران لێک جیاوازن: سوننی و شیعەی توندئاژۆ ماکەی سەرەکی "تەوەری مقاومەت" پێک دێنن. ڕێژیمی مەلایان بیرۆکەیەکی بەهێزی پان-ئیسلامیی گەشە پێ‌داوە کە بەڵێنی وەدەرنانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێوبردنی ئیسڕائیل، بەچۆکداهێنانی ئیماڕاتە دەوڵەمەندە عەڕەبەکانی کەنداو کە ڕۆژاوا پشتیوانیانە و، دروستکردنی کولتوورێکی دیکەی ئیسلامی دەدا کە دەتوانێ لە بەرانبەر بە ڕۆژاوایی بوون خۆڕاگر بێ. ئەوە خوازیارێکی باشی لەنێو ڕێژەیەکی زۆر لە عەڕەبان و هەروەها شیعەکانی ئەفغانستان و پاکستاندا هەیە. ئەمجۆرە پەیامە دژە ئەمریکایی، دژە زایۆنیستی و دژە جوولەکەیە، برەوێکی زۆری لەنێو لاوانی نێرینەی موسڵماندا هەیە.

بەڵام ئێران تەنیا پشت بە ئایدیۆلۆژی نابەستێ. بیرۆکەی "ئەستاندنەوەی" مڵکی دزراو هەمیشە سەرنجڕاکێش بووە: تەنیا سەیری یەکەم داگیرکارییە ئیسلامییەکان بکەن کە بەڵێنی غەنیمەت و هەروەها بەهەشت دەدرا، یان خاچ‌پەرەستەکان. وەسفی مارکسیستی فەڕانسەیی لە ئیسڕائیل وەک "دەوڵەتێکی کۆلۆنیال-نیشتەجێ" بەتەواوی لە وشەنامەی ئیسلامیدا جێگیر کراوە.  ئێران هیوادارە زایۆنیزم لە خەباتێکی درێژخایەنی خوێناویدا لە لایەن ئیماندرانەوە، یارمەتیدەری بەهێزتر بوونی متمانە بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچە بێ.

حوسییەکان، ئەو شیعانەی کە لە ڕوانگەی بڕواوە لە سوننییەکان نزیکن و سەردەمێک مەلاکانی ئێران نەفرەتیان لێیان هەبوو، واژۆی بەشداری لەو شەڕەیاندا کردوە و، هەنووکە کێشە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و هاوپەیمانە ئورووپاییەکان لە دەریای سوور دروست دەکەن. تەنانەت ئەگەرچی ڕەنگبێ ئێران لە قوولترکردنەوەی گرژییەکان لە هەموو کەس زۆرتر بترسێ، نە واشینگتۆن و نە ئورشەلیم کەڵکیان لەو ترسە وەرنەگرتوە و ڕاستەوخۆ هێرشیان نەکردۆتە سەر ئێران. کوشتنی جاروبارەی زانا ناوکییەکان و ئەفسەرە پلەبەرزەکانی سوپای پاسداران، لە ناویاندا فەرماندەی تاریکی، قاسم سولەیمانی، بەڕاستی نایەنە ئەژمار. واشینگتۆنیش هیچ حەزێکی بۆ لێدان لە کۆماری ئیسلامی لە شوێنێک کە بەڕاستی لاوازە، واتە سووریە، نیشان نەداوە. ژەنڕاڵی سوپای پاسداران، حوسێن هەمەدانی، کە لە شەڕی حەڵەب لە ٢٠١٥ کوژرا، زێدەڕۆیی نەکرد کاتێک گوتی لە عێراق و سووریە "بۆ پارێزگاریی لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامی، ئێمە ناچار بووین دەستێوەردان بکەین."  

لەگەڵ ئەوەشدا، نە ئەمریکا و نە ئیسڕائیل، ئامادە نین سوننییەکانی سووریە چەکدار بکەنەوە. هەڵایسانەوەی شەڕی نێوخۆ لە سووریە لەوە بێزراوترە کە بیری لێ بکرێتەوە: قەیرانی پەنابەران بووە هۆی ورووژان و بەهێزتربوونی حیزبە پۆپولیستەکان لە سەرانسەری ئورووپا و دەستمایەیەکی بەهێزی دا بە سەرۆک‌کۆماری ئیسلامیستی تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەنێو یەکیەتی ئورووپادا. چەکداربوونی سوننییەکانی سووریە کە بەرهەمی خۆ لێ لانەدەرانەی سەرهەڵدانی عەڕەبە سوننییەکان بوو، هەروەها بووە هۆی بەهێزتر کردنی جیهادیستە سوننییەکان.

بەڵام تێکڕمانی وردە وردەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشووتر، بۆ ئاسەوارەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم. لەو کاتییەوە، دیکتاتۆرییە سەربازییەکان توخمە سەرکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دروستیان لەنێو برد، واتە ڕێزداریی بنەڕەتی وئابوورییەکی کاریگەر. پاشان سەرهەڵدانە بەربەرینە عەڕەبییەکە ناوچەکەی هێندەی دیکەش هەژاند. ئەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی تاقمی میلیشیا کە بەکردەوە لە شکان‌نەهاتوون، چونکە ئێستا زلهێزە ڕۆژاواییەکان ئالێرژی هێرشی سەربازیی خاکییان گرتوە و ناتوانن بە کەڵک‌وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی بە شێوەی کاریگەر ڕیشەکێشیان بکەن.

بەڵام، هێشتا لەنێوبردنی بەکرێگیراوانی ئێران کارێکی مومکینە، بەڵام پێویست بە پابەندبوونی سەربازیی بەرچاو دەکات. بیرکردنەوە لە سێناریۆیەک، کە لەویدا ڕێژیمی مەلایان نەمێنێ و بوەستێندری دژوارە، بێجگە لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران و، هەر هێرشێک دەبێ گەلێک وێرانکەر بێ، چونکە هێرشێکی ڕۆژاوا کە ببێتە هۆی زەرەر پێ‌نەگەیشتن بە بەرنامەی چەکی ناوکی ئێران، کارێکی ئاقڵانە نابێ.

ئورشەلیم وێدەچێ ئامادە بێ لە غەززە تێچوویەکی مەزن بدا. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە ئۆپەراسیۆنی غەززە بۆتە هۆی لەنێوچوونی تاهەتایی ناوبانگی ئیسڕائیل لە لای سیاسەتوانە چەپەکانی ڕۆژاوا، ڕەنگبێ ئورشەلیم نەخوازێ ئەرکێکی قورستری خەساندنی حیزبوڵڵای لوبنان بگرێتە ئەستۆ. جبەخانەی زەبەلاحی هاژەکی ئەو گرووپە کە ئێران بۆی دابین کردوە، دەتوانێ تەل ئاڤیڤ بهەنگێوێ، جا جیاوازیی نییە هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل و سیستەمی دژە هاژەکییەکەی چەندە خێرا بن. حیزبوڵڵا تەنیا هێزی بەکرێگیراوی ئێرانە کە لەنێوبردنی دەتوانێ برینێکی کاریگەر و ڕەنگبێ ئیفلیج‌کەر بۆ خولیاکانی ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بێ.

سەرەڕای ورووژاندنە کوشندەکەی ئەو دواییانە لە ئۆردۆن، وێناچێ ئەمریکا لەوبارەوە یارمەتیدەر بێ. وەڵامی بەڕاستی گێژانەی ئەمریکا بەو ڕووداوە، بێگومان ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لەمەڕ ئێران، دوای وەڵامی نەرێنی خامنەیی بە بووژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە لە هاوینی ڕابردوویە. وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان، جان کربی، ڕۆژی دووشەممە گوتی، "ئێمە خوازیاری جەنگ لەگەڵ ئێران نین. ئێمە درێژە بە گەڕان بەدوای بژارەکان دەدەین ... ئێمە دەمانهەوێ ئەو هێرشانە کۆتاییان بێ." بەڵام ئەو هێرشانە کۆتاییان نایە. ئەوان زۆر خۆشن و، لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە کاریگەرن: کۆماری ئیسلامی بۆتە هێزی دەسەڵاتدار لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، خامنەیی بە تاقمە کارتێکی لاواز، کایەیەکی ژیرانەی کردوە. تەنانەت بە پشتگیریی ڕووسیە و چینەوە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ خاوەنی هێزی بەرچاوی مەیدانی لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسڕائیل بێ. بەڵام تەنانەت مەزنترین پاشای سەفەوی، عەبباسی یەکەم، کە عوسمانییەکانی لە دووئاوان تێکشکاند، نفوزی ئێستای خامنەیی لەنێو ئاپۆڕای جۆراجۆری لاوانی کەم‌خوێندەواری عەڕەب، کە ڕەنگبێ قەت نەچووبنە ئێران و تەنانەت فارسێکیان نەدیتبێ، نەبوو.

بێگومان تاران درێژە بە زەخت هێنانەکانی تا ئەوکاتەی وڵاتە یەکگرتووەکان یان ئیسڕائیل بەهێزتر وەڵام نەداتەوە، دەدات. ڕێژیمی مەلایان ڕەنگبێ پشوویەک بە ئۆپەراسیۆنەکانی بدا یان ئیدیعا بکات کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر بەکرێگیراوەکانییەوە نییە، بەڵام سەرکەوتنی دەبێتە هۆی شەڕانشۆیی. ئەوە تێگەیشتی ئێران لە خۆی، وەکوو پاڵەوانێکی ئیسلامی کە لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکایی و زایۆنی دەجەنگێش دەگرێتەوە. با گوتەیەکی حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران دووپات بکەمەوە، ڕێژیمی مەلایان "بەدوای شەڕێکەوە نییە" کە دەزانێ دەیدۆڕێنێ.

لە ئاکامدا، بێتوو پەرچەکرداری واشینگتۆن بە هێرشی ئۆردۆن تەنیا هێرشێکی دیکە دژی بەکرێگیراوەکانی ئێران، یان تەنانەت هێزەکانی ئێران لە سووریە بێ، وێناچی ئەوە لێکدانەوەکانی خامنەیی بگۆڕێ. تەنێا شتێکی بەتەواوی پەشۆکێنەر، وەکوو هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران لە نێوخۆی ئێران و، ب ئاشکرا دەربڕینی هەڕەشەی کەڵک وەرگرتن لە هێزی نەبەزی ئەمریکا، شانسی ئەوەی هەیە مەلاکان دڵنیا بکات کە لۆلۆی ئەوجار لەگەڵ هی پێشوو جیاوازە.