کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازانجی خۆی تێدایە!

14:57 - 6 رەشەمه 2723

ئاسۆ مینبەری

پرسی هەڵبژاردن یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەیە هەمیشە لە کۆمەڵگەی ئێراندا جێگای مشتومڕ بووە. لەوەتەی ڕێژیمی ئێران هاتووەتە سەر کار و دەسەڵاتی ئیسلامیی شیعەی دوازدە ئیمامیی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ کردوە، هیچ هەڵبژاردنێک لەم چوارچێوەیەدا ئازاد نەبووە و ئازادانە بەڕێوە نەچووە.

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا مافی دەنگدان بۆ تاکەکان یەکێک لە گرینگترین مافە سیاسییەکانە، چونکە وا دەکات ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە داهاتووی وڵات و ژیانی خۆیاندا بەشدار بن و هەست بە گرینگیی ڕۆڵی خۆیان لەو کۆمەڵگەیەدا بکەن، هەر بۆیە گەیشتن بە تەمەنی دەنگدان ڕەنگە بە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی ژیانی هەر تاکێک دابندرێت، بەڵام ئەمە لە وڵاتی بەڵالێدراوی ئێراندا زۆر جیاوازە، زۆرن ئەو لاوانەی کاتی گەیشتن بەم تەمەنە بەپێچەوانەی لاوانی وڵاتانی دیکە، ژێردەستەبوونیان زیاتر لە پێشوو هەست پێ کردوە و بڕیاریشیان داوە لە یەکەمین دەرفەتی ژیان و تەمەنیان بۆ دەنگدان کەڵک وەرنەگرن، چون لە هەر حاڵەتدا تێگەیشتوون کە دەنگی ئەوان هیچ لە پرسەکانیان ناگۆڕێ و زۆرجار خودی بەشداری‌کردنەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بژاردەکانی نێو پەڕەی دەنگدانەکە، بەڵگەی ڕەواییدان بە دەسەڵاتێکی خوێنمژ و مۆری هاوڕابوون بۆ بەردەوامیی ستەم و سەرکوتە!

وەک هەموو ڕووداو و پرسەکانی دیکە، دیسانەوە پرسی هەڵبژاردن بۆ ژنانیش لە کۆمەڵگەی ئێراندا زۆر جیاوازە! لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیارە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بۆ مەجلیسی خێبرگان و مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بەڕێوە بچێ، هەرچەند کە بەپێی پێشبێنییەکان بەشداریی خەڵک لەم شانۆیەدا دەتوانێ ڕێکۆردی بەشداری‌نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بشکێنێ بەڵام هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەردەوامە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرمانداری شیراز سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، گوتی هیچ ڕێگرییەک بۆ بەشداریی هاووڵاتییان بە هەر چەشنە پۆشش و حیجابێکەوە نییە و باسی لەوە کردوە کە هێزەکانی ڕێژیم تەنیا دەتوانن بەشێوەی زارەکی هۆشداری بەو کەسانە بدەن کە حیجابی ئیسلامییان ڕەچاو نەکردوە، بەڵام ناتوانن پێش بە دەنگدانیان بگرن!

سەرنجدانێکی زۆر سادەی ئەم قسانە دەری دەخات کە ڕێژیم وەک ڕابردوو و بە مەبەستی قەرەباڵغ نیشاندانی بنکەکانی دەنگدان، دیسان سیاسەتی نەرمی‌نواندنی گرتووەتە بەر، هەروا کە لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵیشدا کردی! لە کاتی هەڵبژاردنەکان و ڕێوڕەسمەکانی ڕێژیمدا، پرسی حیجاب ئیتر گرینگ نییە و دەسەڵاتەکەیان ناخاتە لەرزەوە، چونکە جیا لەوەی بە بردنی مۆرەکانی خۆیان بەو جۆرە حیجابەوە بازاڕگەرمی بۆ کارەکەی خۆیان دەکەن و کەسانی کاڵفامیش بەم نمایشە گاڵتەئامێزە ڕاکێشی ڕێوڕەسم و بۆنەکانیان دەکەن، لەلایەکی تریشەوە بە جیهانی دەرەوەی ڕادەگەیەنن کە چەندە دەسەڵاتێکی کراوەیان هەیە، وەک بڵێی ژینا ئەمینی نە لەسەر تاڵە قژێک و نە لەسەر حیجابی دڵخوازی ئەوان کوژراوە! لە ڕاستیدا ئەمجارە بێ‌حیجابییە کە قازانجی ئەوانی تێدایە!

هەرچەند ئەم ڕەفتارە لە ڕێژیمی ئێراندا شتێکی تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردووشدا و لە کاتی باقی هەڵبژاردنەکاندا کراوە بەڵام ئەوەی ئەمساڵ بڕێک جیاوازترە! ڕێژیم لە ئێستادا لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاوازیی هەیە، لەلایەکەوە ئاستی دڕندەییەکەی بەرانبەر بە خەڵک و بەتایبەت جیابیران زۆرتر بووەتەوە، لەلایەکی تریشەوە باوەڕی خۆی بە نەمان و ڕووخانی!

ئەوەی کە لە بەرەبەری هەڵبژارنەکانی ئەمساڵدا لە تەلەویزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا لە ژنان دەبینرێ و ئەوەی کە لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ و لە ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی لەلایەن ڕێژیمەوە لەلایەن ژنانەوە نمایش کرا، هەمووی دوایین پەلەقاژەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ درێژکردنەوەی لانیکەم یەک ڕۆژی تر لە دەسەڵاتەکەیە.

لەرزۆک‌بوونی دەسەڵاتی ئاخوندی وای کردوە کە بەرپرسەکانی ناچارن لە ڕێوڕەسمەکانیاندا گرینگی بە چوارچێوە و باوەڕە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆیان نەدەن تاکوو بە هەر نرخێک بووە، هەوڵی ڕاکێشانی کەسانی کاڵفام بۆ لای خۆیان بدەن.

هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یەکەم هەڵبژاردنی پاش شۆڕشی ژینایە، شۆڕشێک کە خاڵی بەرەوڕووبوونەوەی خەڵک، بەتایبەت ژنان و دەسەڵات بوو، خاڵێکی وەرچەرخان کە ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی دەرخست و نیشانی دا کە بۆ ڕێژیم مانەوە بە هەر نرخێک گرینگە. هەر ۆیە ڕێژیم هەوڵ دەدات شانۆی ئەمساڵی بە هەر شێوازێک کە بووە بەڕێوە ببات و لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدات بە پێدانی ئیمتیاز و هەڕەشە و گوڕەشە، خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکات و ڕەوایی لەدەستچووی خۆی بگەڕێنێتەوە، بێ‌ئاگا لەوەی کە مێژووی ٤٥ ساڵەی و ڕووداوەکانی ئەم ساڵانە و کوشتوبڕ و بێڕەحمییەکەی بەرانبەر بە خەڵک، وای کردوە کە خەڵک فریوی هیچ هەوڵێکی نەخۆن و بێگومان ناچنە بەرەی دوژمنانی گەلەوە.

ژنان لە یەک ساڵی ڕابردوودا تێ‌گەیشتن کە دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ لە گرینگترین هۆکارەکانی وەلەرزەخستنی دەسەڵات و لە بەرانبەریشدا دڕندەبوونی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵک بووە، بۆیە بە بەشداری‌نەکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان، پێداگری لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا دەکەن.