کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جامانەی خەباتگێڕان و جامانەی مرۆکوژان

14:54 - 27 خاکەلێوه 2724

ڕەسووڵ سوڵتانی

خەباتی بندەستان لە ڕەوتی بەردەوامی و بەرەپێشچوونی خۆیدا مۆرکی خۆی لەسەر کۆمەڵێک دیاردە بەجێ دێڵێ و دەیانکاتە هێما. ئەو هێمایانە وردە وردە لە نێو خەڵکدا دەناسرێن و شەقڵی ئەو خەباتەیان لێ دەدرێ و بایەخێکی تایبەتی وەردەگرن کە بەبێ ئەو شەقڵ و مۆرکە وەکوو هەموو کەلوپەل و شتەکانی دیکەی ئەم جیهانە شتێکی ئاسایی دەبوون. یەکێک لەو شتانەی لە سەدەیەک خەباتی کورددا ئەم شەقڵ و مۆرکەی گرتوە، جامانە یان ئاغابانووی کوردەوارییە.

جامانە وەکوو هێمای پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە ناسراوە. لە کوێوە و چۆن ئەو هێمایە دیاری کراوە و کێ بڕیاری لەسەر داوە؟ ئەوەی لە کەس ڕوون نییە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هێماکان بە بڕیار دروست نابن و بە بڕیار نابنە هێما بەڵکوو لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دروست دەبن. وەختێک پێشمەرگە بەتایبەتی جامانە لەسەری دەبەستێ و لە ملی خۆی دەکا و دوور پێشمەرگە بەو جامانەیەوە دەناسرێتەوە بەتایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پیاوانی موکریان جاری جاران پێچ و کڵاویان لەسەر دەکرد و لە ناوچەی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێچی پیاوان وەکوو ئەوەی ئێستاش لە مەریوان و هەورامان ماوە قوماشێکی تایبەتە، بەڵام جامانە لەو نێوەدا دەبێتە هێمایەک. هێمای خەباتگێڕان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و ئاواڵی سەر و مل و شانی پێشمەرگە.

لە هەر وڵاتێک خەباتێک بۆ ڕزگاری لە بندەستی هەڵگیرسابێ ئەو خەباتە هێمای خۆی بەرهەم هێناوە و لایەنگرانی خەبات و خەباتگێڕان ئەو هێمایانەیان بۆ ناسینەوەی یەکتر و ڕەمزی دژایەتیی داگیرکەر بەکار هێناوە، شان بە شانی ئەوانیش نیشتمانفرۆش و خۆفرۆش و خیانەتکاران هەم دژی ئەو هێمایانە وەستاونەوە و بەگژیاندا چوونەتەوە هەمیش ویستوویانە بەکاریان بێنن. بۆ نموونە جاشەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەختێک زانییان ناوی پێشمەرگە لەنێو خەڵکدا بووەتە ناوێکی پیرۆز، وێرای ئەوەی شان بەشانی دوژمنانی کورد شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد و بە شەهیدکردنی پێشمەرگە هەمیشە شەڕگەیەک لە پێش داگیرکەرانەوە بوون کەچی ئەم ناوەیان قۆستەوە و بە پاشگرێکەوە بەخۆیانەوە نا و ناوی خۆیان نا (پێشمەرگەی مسوڵمان) بەڵام لە نێو خەڵکدا هەر بە جا پشمەرگەی مسوڵمان ناوبانگیان ڕۆیشت و ناوی پێشمەرگە فریای ناوەرۆکی ڕیسوای نیشتمانفرۆشان نەکەوت.

لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەم نوێنەرانی ڕێژیم بۆ مەجلیسی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، دیتمان کۆمەڵێک لەو خۆفرۆشانە جامانەیان کردبووە ملی خۆیان. ئاخر ئەوان دەزانن خەڵکی کوردستان جامانەی وەکوو هێمای خەبات هەڵبژاردووە، هەڵبەت خەبات دژی ڕێژیمی سێدارەی ئیسلامی، هەر بۆیە ئەو هێمایە تەنیا لە مل و ئەستۆی دژبەرانی ئەو ڕێژیمەدا واتا و هێما پیرۆزەکەی دەمێنێتەوە و لە مل و سەری شۆڕی لایەنگرانی ڕێژیمدا دەسبەجێ ڕەنگ و بۆن و مانای ئەو سێدارە و قەمچی و فیشەکانە دەگرێتە خۆی کە جەللادە دژەمرۆڤەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی ئازادیخوازان بەکاریان دێنن. کەوابوو هەر ئەو هێمایەی لە شوێنێک پیرۆزە دەکرێ لە شوێنێکی دیکە تەواو مانایەکی پێچەوانەی هەبێ لەبەر ئەوەی مانای جەوهەریی هێماکە بەستراوەتەوە بەو ئاکام و ئامانجەی بەکارهێنەر و هەڵگری هێماکە بۆی تێ دەکۆشی. ئەوانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری خامنەیی لە مەجلیسی تاران، جامانە لە ملیاندا لە هەموو هێمایەکی مرۆیی بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێتە هێمای سێدارە. ئاخر ئەوان خۆیان پاڵاوتووە تا لە تاران ببنە نوێنەری بیری مرۆکوژانەی خامنەیی. جامانە ئەو بایەخەی لە خەبات و خەباتکاران و لایەنگرانی خەباتی ڕزگاریخوازی وەرگرتوە و تەنیا لەلای ئەوانیش هەڵگری ئەو بایەخ و مانایە دەبێت.