کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ٤ ڕێکخراوی کرێکاری و سێنفیی ئێران سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل

16:08 - 27 خاکەلێوه 2724

چوار ڕێکخراوی کرێکاری و سێنفی لە چوار بەیاننامەی جیادا سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل کاردانەوەیان نیشان دا.

ئەم ڕێکخراوانە لە بەیاننامەکانیاندا هێرشەکەی سپای پاسدارانیان بە سەرکێشی و دەستدرێژی بۆ سەر سفرەی منداڵان و خەڵکی هەژار ناو بردووە .

سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران بە سەركێشی ناوبردنی هێرشەکە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: "سەردەمدارانی حکوومەتی ئێران لە حاڵی ئەنجامی کۆتا مەئموورییەتی خۆیان بۆ وێرانکردنی ئێرانن".

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "حکوومەتی ئێران بە ناردنی دەیان مووشەک و دڕۆن دەستی بە شەڕێک کردووە کە ئەگەر هەر لە یەک شەویشدا کۆتایی پێ بێت دیسان لە کۆتاییدا ژنان و منداڵان و هەژارانێک دەبنە قوربانی کە تێچووی ئەم مووشەکانە لە سەر سفرەکانی ئەوان هەڵگیراوە".

هەروەها یەکیەتیی خانەنشینکراوان لە کاردانەوەی خۆی بەم بابەتە ڕایگەیاندووە: "لە ئێستادا خەڵکی ئێران بە بێ ویستی خۆیان لە بەرەبەری شەڕێکدان کە دەتوانێت ژیانی خەڵکی بێبەشکراوی ئێران و ناوچەکە بکات بە کابووسێکی یەکجاری".

ئەم دامەزراوە لە درێژەی بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا خەڵکی ئێران بە برینی سەدان کارەساتی دیکە، دەبێت بەرگەی زیانەکانی شەڕێکیش بگرن کە خۆیان هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستبوونیدا نەبووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم سێ ڕێکخراوە، شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل کاردانەوەی نیشان دا و لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاندووە: "شەڕی نێوان حکوومەتەکان و سیاسەتەکانیان هیچکات لە بەرژەوەندیی خەڵک و چینی بێبەشکراودا نەبووە و نابێت، جگە لەوەی کە گیانی خەڵک بکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی خۆیان و هەروەها لە سەرچاوەکان و سفرەی خەڵک بۆ پاراستنی حکوومەتەکانیان کەڵک وەربگرن".

 

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە: "تێچووی ئەو مووشەکانە لە گیرفانی خەڵکێک دراوە کە هەموو ڕۆژێک شەقامەکانیان بە ناڕەزایەتی لە دۆخی بژیویی ژیانیان تەنیوە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی شۆرای خانەنشینکراواندا هاتووە : "یەکەمین دەستکەوتی ئەم هێرشە بۆ خەڵکی ئێران جگە لە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی، دۆلاری ٧٠ هەزار تمەنیی و دەرئەنجامەکانی بۆ سەر ژیانی خەڵک بوو".

ئەم شۆرایە جەختی کردووەتەوە کە باسکردن لە شەڕ لە ئێستادا لەلایەن ڕێژیمەوە لە ڕاستیدا دژایەتی لەگەڵ یەکگرتوویی و خۆڕاگریی خەڵکی ئێرانە کە دەیانهەوێت گۆڕانکاریی بە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستادا بێنن.

هەروەها لە کۆتایی ئەم بەیاننەمەدا هاتووە کە خەڵک خوازیاری ئاشتی و ژیانن و لە شەڕ و مردن و وێرانی، بێزارن.