کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کتێبێک لەسەر پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە چاپ و بڵاو کرایەوە

10:49 - 28 خاکەلێوه 2724

کتێبی ''ئامانج تاران''، کە زانییارییەکانی لەلایەن دوو ڕۆژنامە نووسی ڕۆژاوایی ''یۆنا جێرمی بۆب و ئیلان ئێڤیاتار" سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل  کۆ کراوەتەوە، لە گەرمەی هەڕەشە و هێرشی ئەو دوو وڵاتەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.

"سەلیم حەقیقی" ئەم کتێبەی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.

"یۆنا جێرمی بۆب و ئیلان ئێڤیاتار" وەک دوو ڕۆژنامەنووسی دیاری ڕۆژاوایی دوای کۆکردنەوەی زانیاری، ڕاپۆرت و دیدار و وتووێژ لەگەل کەسایەتییە ناسراو و کاریگەرەکانی ڕۆژاوایی بەتایبەت ئیسرائیلی لەهەمبەر دۆخی ئاڵۆز و پڕکێشەی پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە کۆمەڵێک زانیاریی نوێ و نهێنیان بڵاو کردووەتەوە.

یەکێک لە باسە جێ سەرنجەکانی ئەو کتێبە کە بە وردی باسی کراوە؛ چۆنیەتیی دزینی ئەرشیڤی ئەتۆمی ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگری "موساد"ـەوەیە.

 لەو کتێبەدا جیا لە باسی سیخوڕی، تێرۆری زانایانی ئەتۆمیی ئێران، شێواندنی چالاکییەکانی ئەتۆمی لە ناوەندە گرینگەکان، هێرشەکانی سووریە؛ باسی پێوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلیش کراوە کە لە سەردەمی "ترامپ" گەیشتە لووتکە و بە "پەیماننامەی ئیبراهیم" ناسراوە.

سەلیم حەقیقی نووسەر و وەڕگێڕی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە کە پێشتریش چەندین دەق و بابەتی ئەدەبی، ڕۆمان و وەرگێڕانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە ناسراوترینیان ڕۆمانی "قەرەج" وەک بەشێک لە ژیانی و سەربوردەی خۆیەتی.