کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزرانی کەمپەینێک بۆ دەرکردنی مووسەویان لە زانکۆی پرینستۆنی نیوجێرسی

10:54 - 28 خاکەلێوه 2724

کەمپەینێک لەژێر ناوی Alliance Againest Islamic Regim of Iran Apologists پێکهاتوو لە کەسانی ئاکادێمیک، مافناس، چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناساندنی کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دامەزراوە.

هەر لەم ڕاستایەدا بڕیارە ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕ (٢٦ی ئاوریل)، لە بەردەم زانکۆی پرینستۆنی نیوجێرسیی ئەمریکا خۆپیشاندانێک ڕێک بخرێت .

مەبەست لەم خۆپیشاندانە، داواکاری لە بەرپرسانی ئەم زانکۆیە بۆ دەرکردنی حوسێن مووسەویانە کە وەکوو سەفیری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان لە تیرۆری ڕێبەرانمان دەستی هەبووە.

حوسێن مووسەویان کەسایەتییەکی پێوەندیدار بە دەزگای ھەواڵگریی کۆماری ئێسلامییە کە لەژێر ناوی دیپلۆماسی دەستی لە تێرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا ھەبووە.

 لە کەیسی تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی و ھاوڕێیانیدا کە بە میکۆنووس بەناوبانگە، کۆماری ئیسلامی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی یاسای ئاڵمانی سەربەخۆ، بەشێوەیەکی زۆر بەڵگەمەندانە بە تێرۆری ڕێبەرمان شەھید دوکتور سەعید شەرەفکەندی و ھاوڕێیانی تاوانبار کرا.

کەیسی میکۆنووس پڕە لە بەڵگەی یاسایی و لێکۆڵینەوەی زانستی و حاشاھەڵنەگر لەوەی کە مووسەویان لەم تێرۆرەدا لەژێر ناوی دیپلۆمات و لە پۆستی سەفیردا لە ئاڵمان دەستی ھەبووە. بەڵگەکانی دادگای میکۆنووس باس لە دانپێدانانی ئەبولقاسم مسباحی شایەتحاڵی کۆماری ئیسلامی دەکەن کە مووسەویان ئاگاداری پلان و شیوازی تێرۆرەکە بووە و ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی پلان و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ تێرۆریستان دەستی هەبووە.

کومیتەی حیزب لە ئامریکا بە ھاوکاریی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لەم وڵاتە بە مەبەستی ڕیسواکردنی مووسەویان و دەرکردنی لەو زانکۆیە، خۆیان بە ئەرکدار دەزانن بەشدارییەکی چالاکانەیان لە چالاکیی ئەو کەمپەینەدا ھەبێت.

لە ھەمان کاتیشدا ئەندامانی حیزب بە ناردنی نامە و ئیمەیل بۆ سێناتۆر و نوێنەرانی کۆنگرە داوای پشتیوانیی ئەم کەسانە بۆ دەرکردنی مۆرەکانی ڕێژیم لە ئەمریکا بە تایبەتی حوسێن مووسەویانیان کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا، کۆمەڵێک لە چالاکان و زیندانییانی پێشووی سیاسی، چالاکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی زانکۆ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای دەرکردنی حوسێن مووسەویان، دیپلۆماتکار و یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕیژیمی ئێران لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکایان کرد.