کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئێران کاردانەوەی توندی دەربڕی

11:06 - 28 خاکەلێوه 2724

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان دا کە تاران دەستبەجێ کاردانەوەی دەبێت.

هێرتزل هالێوی، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕوون لە بنکەیەکی ئاسمانی ڕایگەیاند، ئێران بەنیازی لێدانی توانای سەربازیی ستراتێژیی ئیسرائیل بوو. پێشتر ئەمە ڕووی نەدابوو. ئێران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی کرووز و دڕۆنی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد و ئەمەش وڵامدانەوەی لەگەڵ دەبێت".

ناوبراو لەبارەی کات و قەبارەی ئەو هێرشە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا. بەڵام میدیا نێونەتەوەییەکان ئەو قسەنەیان وەک "ڕوونترین پشتڕاستکردنەوە"ی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشەکەی سپای پاسداران هەڵسەنگاند.

لە بەرامبەر هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل، ئەبولفازل شێکارچی، وتەبێژی باڵای هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، وڵامدانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەمجارە بەهێزتر لە وڵامدانەوەی پێشووی بە ئیسرائیل دەبێت ".

هەروەها شەوی ڕابردوو عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاند، "ئەگەر هەڵەیەکی دیکە دووبارە بکەنەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوە بکەن کە بە توندی و خێراتر و دەستبەجێ زیاتر لێیان بدرێت. پێویستە بزانن کە ١٢ ڕۆژیان دەرفەت نابێت. ئەو وڵامەی وەریدەگرن بە ڕۆژ و کاتژمێر ناگرێت بەڵکوو لە چرکەدا وڵامیان دەدرێتەوە.''

شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، ڕێژیمی ئێران ١٨٥ دڕۆن و ٣٦ مووشەکی کرووز و ١١٠ مووشەکی زەوی بۆ زەویی ئاراستەی ئیسرائیل کرد کە ٩٩ لەسەدیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە ئاسمان تەقێندرانەوە.

ڕۆژێک دوای هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، کابینەی شەڕی بێنیامین نێتانیاهۆ، بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان داوە، بەڵام هێشتا لەسەر کات و قەبارەی وڵامدانەوەکە بریاری کۆتاییان نەداوە.