کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ

12:16 - 28 خاکەلێوه 2724

شاکر بێهرووز بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ناڕوونی خۆی، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، شاکر بێهرووز ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی ناڕوونی خۆی پاش ٥ ساڵ بەندکران و تەواوبوونی ماوەی مەحکوومییەتەکەی، مانی گرتووە.

ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی داداگای ورمێ بەو بیانووە کە هێشتا ناوبراو دۆسییەی لە دادگا هەیە، پاش تەواوبوونی ماوەی مەحکوومییەتەکەی، ڕێگە بە ئازادکرانی نادات.

شاکر بێهرووز ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکرانی بە هۆی ئەو تۆمەتەوە حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ورمێ بۆ دەرکرا و دواتر لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ حوکمەکەی لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر حوکمی لەسێدارەدانەکەی بە ڕەزامەندیی سکاڵاکەر پووچەڵ کرایەوە و تەنیا بە هۆی لایەنی گشتیی تاوانەکان، حوکمەکەی بۆ ١٠ ساڵ بەندکران گۆڕدرا.

جێی ئاماژەیە کە دواتر حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانەکەشی بە هۆی لێبووردنی دادوەرییەوە بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە.

شایانی باسە کە دۆسییەکەی دیکەی شاکر بێهرووز کە لە لقی ٢ی دادگای "ئینقلاب"ی ورمێ هێشتا کراوەیە، ئەندامبوونی ناوبراو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بەو هۆیەوە بە ٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

ناوبراو خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ پاش ماوەیەکی کورت ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕایەوە بۆ ئێران بەڵام پاش ماوەیەک لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.