کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو و دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان

12:59 - 28 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە کاک سەربەست کەریم کەسایەتییکی خۆشناو و دۆستی لەمیژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەڵکی شاری قەڵادزێ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک سەربەست لەنێو خەڵکی ناوچەکانی پشدەر لە باشووری کوردستان و سەردەشت، ڕەبەت و بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسایەتییەکی خۆشناو و ناسراو بوو.

کاک سەربەست دۆستێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بۆ ھەموو ئەو ڕووداو و کارەساتە ناخۆشانەی بەسەر حیزبی دێموکراتدا دەھاتن نیگەران و خەمخۆر بوو و  لە ھەموو دۆخێکدا لە نزیکەوە سەردانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی دەکرد.

ناوبراو لە هەر کۆڕ و کووبوونەوەیەکدا باسی پێشمەرگە و حیزبی دەکرد و بە ڕاشکاوانە و بێ ترس بەرگری لە سیاسەتەکانی حیزب دەکرد. ھەر ئەوەش بوو لە کاتی سەفەرکردن بۆ ڕۆژھەڵات لەلایەن ئیتلاعات و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کۆسپ و بەربەستیان بۆ دروست دەکرد.

کاک سەربەست خزم و کەسوکارێکی زۆری لە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان هەیە و لەگەڵ زۆرێک لە بنەماڵەکانی حیزبی تێکەڵاوی و گەرموگوڕی ھەبووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.