کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢: جیهان پێویستە سپای پاسداران بخاتە لیستی گروپە تیرۆریستیەکانەوە

13:02 - 28 خاکەلێوه 2724

کۆمەڵەی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی‌ئێس‌٧٥٢، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی دووشەممە ٢٧خاکەلێوە، بە ئاماژەدان بە کردەوەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ئەم کۆمەڵەیە لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە جیهان لە دژی سیاسەتە شەڕخوازەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوەستێت، سپای پاسداران بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

هەروەها زیادیان کرد، پێویستە هەوڵی دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانە بدات کە تاوان دژی خەڵکی ئێران ئەنجام دەدەن و پشتیوانی لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران بکەن بۆ شکستپێهێنانی ئەم ڕێژیمە.

نووسەرانی ئەو ڕاگەیەندراوە باسیان لەوە کرد، کە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی ڕێژیم تەنیا بیر لە مانەوە و بەردەوامیی حکوومەتەکەیان دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نە لەبیرمان دەچێت و نە لە بکوژانی منداڵانی ئێران خۆش دەبین.

گەشتی ژمارە ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتی ئۆکراین، کە لە تارانەوە بەرەو کیێڤ دەچوو لە ١٨بەفرانباری ١٣٩٨، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بۆ تۆڵەی قاسم سولێمانی بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هێڵە ئاسمانییەکان و بەستنی هێڵی ئاسمانیی ئێران کرایە ئامانج و موسافیرەکانی بوونە قوربانی.