کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیرکاریی دارستان و شوێنە گشتییەکانی کوردستان لەلایەن کەسانی هەلپەرست، لەژێر سێبەری کەمتەرخەمی بەرپرسان

13:09 - 28 خاکەلێوه 2724

داگیرکاریی دارستان و شوێنە گشتییەکانی کوردستان لەلایەن کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز لە ژێر سێبەری کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بەردەوامە.

بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوانەوە، کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز دەستیان کردووە بە کێڵان و داگیرکردنی لەوڕگەکانی نێوان سێ گوندی کانی سانان و دەرەتفێ و سێف خواروو لە مەریوان.

لەو کورتە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە بەشێک لە داوێنی شاخ و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بە مەبەستی داگیرکردن و کران بە موڵکی شەخسی، کێڵدراوە.

کێڵانی لەوڕگەکان بەپێی یاسا تاوانە و سزای تایبەتیشی بۆ دیاری کراوە، بەڵام           تێکدان و لەنێوبردنی سروشتی کوردستان بەردەوام یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی کوردستان و خەڵکەکەی بووە.

بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکان بە پرسی ژینگەیی لە کوردستان هیچ کات ئەرکەکانی خۆیان بەڕێوە نەبردووە.

شایانی باسە کە جگە لە هەوڵەکانی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی بۆ خەسارگەیاندن بە ژینگە و سروشتی کوردستان، هەندێکجار کەسانی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرستیش لە چوارچێوەی سیاسەتەکان و چراسەوزی ڕێژیمدا و بۆ وێرانکردنی کوردستان، هەڵسوکەوت دەکەن.