کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێنەرانی کۆماریخوازان بۆ بەتیرۆریست ناسینی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم

13:18 - 28 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٧خاکەلێوە، زیاتر لە ٦٠ یاسادانەری کۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسایەکیان پێشکەش کرد کە ١١ گرووپی نیابەتی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکن، گەمارۆ دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گۆرگ ئێستیو نوێنەری کۆماری‌خوازەکانی فلۆریدا و هاوکارەکانی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ڕۆژێک دوای هێرشە مووشەکییەکەی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، گەڵاڵەی گەمارۆی گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامییان خستەڕوو.

ئەم یاسایە بەشێک لە مەترسیدارترین هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج و داوا لە دەوڵەتی بایدێن دەکات کە بە فەرمی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیانناسێ.

ئەم گەڵاڵەیە، گرووپەکانی وەک حوسییەکانی یەمەن و لقە چەکدارەکانی دیکەی چالاک لە عێراق دەکاتە ئامانج، کە چەند مانگێکە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا زیادیان کردووە.

ئەم گەڵاڵەیە پاڵپشتی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی کۆماریخوازەکانی (RSC) هەیە کە گەورەترین گرووپی حیزبی کۆمارییەکان لە کۆنگرەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو گەڵاڵەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پشتیوانی بەرفراوانی نوێنەرانی کۆماریخوازەکان دەبێت و بۆ پێداچوونەوەی خێرا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.