کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێدەنگیی ناوەندەکانی ڕێژیم سەبارەت بە منداڵ ئازارییەک لە مەهاباد

17:18 - 28 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ڤیدیۆیەک لە ئازاردانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاو کرایەوە کە نیشانی دەدات منداڵێک لەبەر دەرکەی ماڵەکەی خۆیان لاق و ملی بە زنجیر بەستراوەتەوە. لە بەشێک لەم ڤیدیۆیەدا، پیاوێک هەیە کە خەڵکەکە دەڵێن باوکی ئەم منداڵەیە و منداڵەکەی خۆی بە زنجیر بەستووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندووە کە ناوی ئەم منداڵە "ئ-ئا"یە و لەدایکبووی ساڵی ١٣٨٩یە و هەتا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوویەتی و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە. باوک و دایکی ئەم منداڵە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە یەک جیا بوونەتەوە و ئەم منداڵە لەگەڵ باوکی ئەژیت. ئەم منداڵە دوای وازهێنان لە خوێندن زۆربەی کاتەکان لە دووکانەکەی باوکیدا و لەگەڵ خۆی خەریکی کارکردن بووە.

ئەمە یەک جار نییە کە ئەم منداڵە لەلایەن باوکییەوە ئازار دەدرێت، بەڵکوو چەندین جاری دیکەش بە زنجیر بەستراوەتەوە و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی فیزیکی و زارەکیش بووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هۆکارەکانی ئەم منداڵ ئازارییەی "گوێنەدان بە قسەی سەرپەرست"، "بزێوی"، "نەگەڕانەوە بۆ ماڵ و ڕۆیشتن بۆ ماڵی باپیر و داپیر"ی ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکانی دیکەی کوردپاش جەختیان کردووەتەوە کە تەنانەت خوشکەکانی ئەم منداڵە و هاوسەری پێشووی باوکیشی چەندین جار ئازاریان داوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم منداڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و ڕاپۆرتەکانی خەڵک بە ناوەندە پێوەندیدارەکان، باوکی ئەم منداڵە دەسبەسەر کراوە و بەپێی ئاخرین زانیارییەکان هەتا ئێستا لە دەسبەسەریدایە.

هەروەها ناوەندی بێهزیستی هاتووەتە نێو دۆسییەکەوە و بڕیارە بابەتی ئازار و ئەشکەنجەکە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێ. پێشنیاری ئەم ناوەندە ناردنی ئەم منداڵە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ بووە بەڵام بە هۆی "هەبوونی ماددەی هۆشبەر و کەسانی خووگر بە ماددەی هۆشبەر"، ئەم شوێنە بۆ ئەم منداڵە بە گونجاو نازانن. لەلایەکی دیکەوە تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ بژاردە و شوێنێکیان بۆ ڕاگرتنی ئەم منداڵە پێشنیار نەکردووە و بە بیانووی نەبوونی "شوێن" جێگایەک بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ناوبراو دیاری نەکراوە.

بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم مێرمنداڵە جیا لە ماڵی باوکی، شوێنێکی دیکەی نییە و ناوەندە پێوەندیدارەکان وڵامێکی ڕوونیان بۆ پاراستنی ناوبراو نەداوەتەوە؛ ئێستا ئەم مێرمنداڵە چارەنووسی ناڕوونە و لەژێر گوشارێکی دەروونیی زۆردایە و نازانێ چارەنووسی دەبێتە چی.

کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە وبە سەرنجدان بە سەرنجنەدانی ناوەندە پێوەندیدارەکان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا سەبارەت بەم مێرمنداڵە و نەبوونی شوێنی هێمن بۆ ڕاگرتنیان، داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بیری گشتیی کۆمەڵگەی مەهاباد و کوردستان دەکات کە بە هەر شێوازێک کە دەتوانن پشتیوانی لەم منداڵە بکەن و بەستێنێک ساز بکەن کە بتوانێ لە سڵامەتی دەروونی و فیزیکیدا ژیان بەسەر بەرێت.