کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ٣٢ وڵات سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی

17:21 - 28 خاکەلێوه 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە نامەیەکدا، داوای لە  ٣٢ وڵاتی جیهان کردووە بە دژی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدەن و سزا بخەنە سەر ڕێژیم.

ئیسرائیل کاتز ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە بە دانانی پۆستێک لە هەژماری ئیکسی خۆی ڕایگەیاند کە ناوبراو هێرشی سیاسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ڕێبەری دەکات.

کاتز لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هێناویەتی کە سزدانی ڕێژیم بە هۆی بەرنامەی مووشەکییەکەیەوە و هەروەها هاویشتنی سپای پاسداران لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێش ئەوەی کە زۆر درەنگ بکەوێت، دەتوانێت یارمەتیدەری لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران بێت.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل پاش کردنە ئامانجی کونسولخانەی ڕێژیم لەلایەن ئیسرائیلەوە و دوابەدوای ئەوە، کاردانەوەی ئێران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە.

ئەم خولە نوێیە لە گرژییەکان پاش هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووی گرووپی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستی پێ کردووە و لە ئێستادا بە هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.

ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی سەرەکیی ماڵی و سەربازیی هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بوو.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە باوەڕپێکراوە ڕۆژاواییەکان وێدەچێت کە لە درێژەی ئەم گرژی و پێکدانانەدا، ئیسرائیل وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتی ئێران بداتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری کاربەدەستانی باڵای وڵاتەکەیانەوە ڕایانگەیاندووە کە کابینەی شەڕی ئیسرائیل بڕیاری داوە کە بە شێوەیەکی بەهێز وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بداتەوە.

لەم پێوەندییەدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئێمە چارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە وڵامی ئێران، بدەینەوە.