کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دێوڵان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

11:00 - 29 خاکەلێوه 2724

کەماڵ لوتفی، باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دێوڵان بە ناوی ڕەزا لوتفی، لەلایەن دەزگای بەناوی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، کەماڵ لوتفی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی دێوڵان، لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولانەوە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای ١ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی " سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خومەینی " سزای ٢ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

کەماڵ لوتفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ دادگای شۆڕشی شاری قوروە دەسبەسەر کرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ڕەزا لوتفی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.

دوای شەهیدکرانی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمدا بوون و داوایان لێ کراوە کە بڵێن کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم کوژراوە.