کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ هاتوچۆی وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیۆیۆرک، سنوور دادەنێت

11:03 - 29 خاکەلێوه 2724

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمریکا ناوچەی هاتوچۆی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئیران لە سەردانەکەی بۆ نیۆیۆرک، سنووردار دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی کاناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، ئەمریکا ئەو ناوچە و شوێنانەی کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و شاندەکەی لە سەردان بۆ نیۆیۆرک دەتوانن هاتوچۆی تێدا بکەن، سنووردار دەکات و بەم پێیە وەزیری دەرەوەی ئێران ناتوانێت بە ئیشتیای خۆی لە نیۆیۆرکدا هاوشێوەی نوێنەرانی وڵاتانی دیکە هاتوچۆ بکات.

لەم پێوەندییەدا میدیاکانی سەر بە ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و شاندەکەی تەنیا دەتوانن تا مەودای ٧ چوارڕێیان لەلای باکوور و یەک چوارڕێیان بە لای ڕۆژاوای بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، بێن و بچن و لەوە زیاتر بۆیان قەدەغەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەم حەفتەیەدا بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە نیۆیۆرکی ئەمریکا.

مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سنووری زیاتر بۆ ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەم سەردانەدا دابین کراوە.

شایانی باسە کە دەوڵەتی ئەمریکا بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان ناتوانێ سەردانی سەرکردە و ڕێبەرانی ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بۆ چوونە ئەمریکا و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەو ڕێکخراوە، قەدەغە بکات.