کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ٧ کرێکار بۆ هۆی ڕوووداوەکانی کارەوە

11:49 - 29 خاکەلێوه 2724

پێنج کرێکار لە سیستان و بەلووچستان، کرێکارێک لە ئەراک و کرێکارێک لە مەهاباد بە هۆی ڕوووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧خاکەلێوە، لە شاری خاش، فریاگوزاران و خەڵکی ناوچەکە تەرمی سێ لە چوار کرێکاری هێڵی ئاسنیان دۆزیەوە.

 ئەم کرێکارانە ڕۆژی پێشترلە کاتی لافاودا هەوڵیان دەدا ڕێگای "کارواندار" بە بارهەڵگر بکەنەوە، بەڵام لەژێر لافاوەکەدا گیریان خوارد و گیانیان لەدەست دا.

ئاژانسی هەواڵی کرێکاریی دەوڵەتی ئێران (ئیلنا) نووسیویەتی، گەڕان بەدوای تەرمی کرێکارێکی دیکەدا بەردەوامە.

هەروەها، لە ڕووداوێکی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، کرێکارێکی ''بەردشکێن'' بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

لە ڕووداوێکی دیکەدا کرێکارێکی ''بیر هەڵکەندن'' لە پارێزگای مەرکەزی بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە شاری مەهاباد، کرێکارێکی تەمەن ٧١ ساڵ لە کاتی کۆکردنەوەی ڕووەکی دەرمانی لە بەرزاییەکان گیانی لەدەست دا. میدیاکان ناوی ئەم کرێکارەیان ئاشکرا نەکرد و تەنها ئەوەیان وت کە لەکاتی کارکردندا دڵی وەستاوە و گیانی لەدەست داوە.

هاوکات، چوار تیمی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی ئاگر لە باڵەخانەیەکی سەر بە "کۆمەڵگەی قورئانی" لە شاری تاڵش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

لە ئێران بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢ لانیکەم ١٠٧٧ کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە.

ئەوە جیا لەو سەدان کەسەیە کە بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوونە.

لایەنێکی دیکەی ڕووداوەکانی کار لە ئێران ئەوەیە کە بەشی زۆر و نزیک بە تەواوی ئەو کرێکارانە بیمە نین و پاش ئەم ڕووداوانە هیچ قەرەبووکردنەوە و پێڕاگەیشتنێک خۆیان و بنەماڵەکانیان ناگرێتەوە.