کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای ئەمریکا دوو دڕۆنی حوسییەکانی تێک شکاند

11:58 - 29 خاکەلێوه 2724

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکام، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دوو دڕۆنی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لەنێو بردووە.

سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاوی کردەوە، ڕۆژی دووشەممە لە نێوان کاتژمێر ١٠:٥٠ بۆ ١١:٣٠ خولەکی بەیانی (بەکاتی سەنعا)، هێزەکانی ژێر فەرماندەیی سێنتکام بە سەرکەوتوویی دوو دڕۆنییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی سەر بە ئێران خستووەتە خوارەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، هیچ زیانێک بە هێزەکانیان و کەشتییە ئەمریکییەکان، هاوپەیمانان و بازرگانییەکان نەگەیشتووە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان دەگیرێنەبەر.

هێرشەکانی حوسییەکان بووەتە هۆی پەکخستنی کەشتیوانیی جیهانی لە ڕێگەی کەناڵی سوئێزەوە و کۆمپانیاکانی ناچار کردووە ڕێگای درێژتر لە دەوروبەری باشووری ئەفریقا بگرنەبەر.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.