کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشەی ئابووریی ئێران بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا نەرێنی دەبێت

12:32 - 29 خاکەلێوه 2724

سندووقی نێونەتەوەیی دراو بەپێی داهاتە نەوتییەکانی ئێران پێشبینیی کردووە کە گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٤٠٣ و ساڵێ دواتری نەرێنی دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی وەرزیی ئەم دامەزراوەیە لە دۆخی ئابووریی جیهان، وڵاتی ئێران لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی زۆرتربوونی هەناردەی نەوت ٤.٧ لەسەد گەشەی ئابووریی کردووە.

ئەم دامەزراوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەم ساڵدا ئەو ڕێژەیە بۆ ٣.٣ لەسەد کەم دەکاتەوە و هەروەها ساڵێک دواتری دەگاتە ٣.١ لەسەد و بەم پێیە لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی داهاتوودا گەشەی ئابووریی ئێران، نەرێنی دەبێت.

ڕاپۆڕتەکە زیادی کردووە کە بەرهەمی پوختەنەکراوی ناوخۆیی ئێران لەم ساڵدا جووڵە و گەشەی ساڵی ڕابردووی نابێت.

هەروەها سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە بەشێکی دیکە ڕاپۆڕتەکەیدا پێشبینیی کردووە کە نرخی هەڵاوسان لە ئێران بۆ ساڵێکی تر دیسان لە سەرووی ٣٠ لەسەد دەمێنێتەوە.

ئەم دامەزراوە لە ڕاپۆڕتێکی دیکەدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی کەمیش لە گرژییەکانی حەماس و ئیسرائیل تێوە بگلێت، ئابووری ئەو وڵاتە جگە لەوەی گەشە ناکات، ٥ لەسەدیش چکۆلەتر دەبێتەوە.

وێدەچێت کە ئەم پێشبینییەی سندووقی نێونەتەوەیی دراو سەبارەت بە تێوەگلانی تاران لە بەربەرەکانێی ئیسرائیل و حەماس و ئاکامەکەی بۆ ئێران، تا ڕادەیەکی زۆر بێتە دی.

شایانی باسە کە پاش پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نرخی دۆلار بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ٧٠ هەزارتمەنی تێپەڕاند و بوو بە مایەی نیگەرانییەکان بۆ داهاتووی ئابووریی ئێران و چڕتربوونەوەی قەیرانەکانی گرێدراو بە ئابوورییەوە.