کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی ئامریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

13:22 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی ئامادەییدەربڕینی ئامریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ڕێژیم لە بارودۆخی ئێستەدا هەر جۆرە دانوستانێکیان لە گەل ئامریکا ڕەت دەکەنەوە.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری وڵاتی ئامریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، که رۆژی دووشەممە، ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی بەڕێوەچوو، جارێکی تر ئامادەییی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ سەرانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و وتی: لەم بوارەدا هیچ پێشمەرجێکم نییه.

ترامپ لەم کۆنفرانسەدا وتی: "ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بیانەوێت من لەگەڵیان چاوپێکەوتن دەکەم. نازانم ئەوان ئێستا ئامادەیی ئەوەیان هەیە یان نا. من ڕێککەوتنەکەم کۆتایی پێ هێنا، ڕێککەوتنێکی گاڵتە‌ئامێز بوو. لەسەر ئەو بڕوایەم که ئەوان پێیان خۆشە چاوپێکەوتنمان لەگەڵیان هەبێت و من ئامادەم هەرکات کە ئەوان بیانەوێ لەگەڵیان کۆ ببمەوە."  

ترامپ لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە، کە ڕێژیمی ئێران هیچکات نەو قۆناغە ناگات، کە دەستی به چەکی ناوکی ڕابگات.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، پشتیوانیی لە قسەکانی ترامپ کرد و وتی: ئێمە نامانەوێ نرخی ڕیاڵ کەم بێتەوە، تەنیا دەمانەوێ رێژیمی ئێران کردەوەی خۆی بگۆڕێت.

لە بەرانبەردا و لە دژکردەوەی ئەم قسانەی ترامپ، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران له کۆنفرانسێکدا باسی لەوە کرد، که ڕێژیمی ئێران لە بارودۆخی ئێستادا بە تەمای دانوستان لە گەڵ ئامریکا نییه.

قاسمی له وتەکانیدا وتی: ئامریکا بەو سیاسەتانەوە کە هەیەتی بۆ پێوەندی نابێ و لە ڕاستیدا دەوڵەتی ئێستای ئامریکا جێی متمانه نییه.