کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بڕیاری چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی، خستووەتە دەستی ئەوانەوە

11:57 - 14 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پاش ئاماژەدان بە ئابووریی داڕووخاوی ئێران، ڕایگەیاندووە: کە چاوپێکەوتن و دانیشتنی ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی تاران، پێوەندیی بەوانەوە هەیە.

دانڵد ترامپ، لە نوێترین لێدوانی بە نیسبەت ڕێژیمی تاران، پاش ئاماژەدان بە قەیرانی ئابووریی لەو وڵاتە ڕایگەیاندووە: کە هەر جۆرە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، پێوەندی بە بڕیاری ئەوانەوە هەیە.

دانڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئێران و ئابوورییەکەی زۆر خراپن و بە توندی دۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەڕوات، ئەوەی کە من لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە چاوپێکەوتن بکەم یان نە، گرینگ نییە، هەمووشتێک پێوەندی بەوانەوە هەیە".

بە مەبەستی هاندانی سەرانی ڕێژیمی ئێران بۆ دانیشتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامریکا، ئەوە چەندەمین لێدوانی ترامپە کە لەو بارەوە هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژی پێنج‎شەممە ١١ی گەلاوێژیش، ناوبراو لە ئاخاوتنێکیدا لە پنسیلوانیا هیوای ئەوەی خواستبوو، کە کێشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا بەباشی و بەئاسانی چارەسەر بکرێن.

ترامپ لەو ئاخاوتنەیەدا جارێکی دیکە ئاماژەی بە خراپی و ناتەواوبوونی بەرجام کردووە و ڕایگەیاندووە: "من ئامریکام لەو ڕێککەوتنە خراپ و پڕکێشەیە ڕزگار کرد، هیوادارم کە هەموو کێشەکانمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، بەڵام ئێران چی دیکە ئەو ئێرانەی چوار مانگ لەمەوپێش نەماوە و زۆر فەرقی کردووە".