کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆزێف ڤۆتێڵ: قاسم سولەیمانی ناوەندیی چالاکییە تێکدەرانەکان لە ناوچەدایە

12:37 - 22 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ژنراڵ جۆزیف ڤۆتێڵ، لە تویتێکدا هێزی قودسی سپای پاسدارانی بە ناوەندیی تێکدەرانەی ناوچە ناودێرکرد.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناسراو بە "سێنت کام" ڕۆژی یەکشەممە،٢١ی گەلاوێژ لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە: "بۆ من ڕوونە کە قاسم سولەیمانی و ‌هێزی قودسی سپای پاسداران چاوگی سەرەکی زێدەخوازییەکانی تارانن کە لە گۆڕەپانێکی بەربڵاو و پڕتێچوودا پاڵپشتی چالاکییە تێکدەرانە و نێگەتیڤەکان لە ناوچە دەکەن لەوانەش سوریە، عێراق، لوبنان، بەحرەین و یەمەن".

ناوبراو لە درێژەدا نوسیویەتی: "ئەم جۆرە چالاکییە تێکدەرانە، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەی شێواندووە کە لە سوودی خەڵکی ئێراندا نییە".

ئەم فەرماندە باڵایەی ئامریکا پێشتریش قاسم سولەیمانی و هێزی قودسی سپای پاسدارانی بە سەرەکیترین هەڕەشە بۆسەر ناوچەکە زانیبوو.

وڵاتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی بەردەوام  ڕەخنەیان لە چالاکییەکانی قاسم سولەیمانی و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی پشتیوانی کردن لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد گرتووە و چەندین جار ڕێژیمی ئیسلامییان بە دابینکەری بواری دارایی و چەکوچۆڵی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تاوانبار کردووە.