کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانه

11:59 - 7 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: نەهاد ئەلمەشنووق" وەزیری وڵاتی لوبنان، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، حیزبوڵڵا بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

وەزیری وڵاتی لوبنان لە وتووێژێکدا وتوویەتی: "بەپێی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، ئیدی قەبووڵ ناکرێت، حیزبوڵڵا وەک بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەدا ڕۆڵ بگێڕێت و لەسەر ئەو باوەڕەش نیم، کە دژی ڕێژیمی ئێران بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی پەسەند بکرێت".

"ئەلمەشنووق" لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە، لە ڕاستیدا سیاسەتی ڕێژیمی ئێران، هیچ کات لە ڕاستای سەقامگیریی وڵاتاندا نەبووە و بەپێچەوانە بەردەوام ڕێژیمی ئێران خۆی کێشەساز بووە".

ناوبراو لە بارەی ڕوانگەی عەرەبستانی سعوودیە لەسەر ڕێژیمی ئێران، ئاشکرای کردووە، کە ڕوانگەی سعوودیە لە بارەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و چالاکییەکانی حیزبوڵڵا بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبیدا هیچ نەگۆڕاوە.

ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی سەرەکیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنانە و بە هەموو هێزەوە پشتیوانی لەو گرووپە تێرۆریستییە دەکات.

لەو پێوەندییەدا، ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتێک بێنێت، داوای لە هەموو دنەدەران و پشتیوانانی حیزبوڵڵا  کردووە، هەتا لە ڕاستای چەککردنی یەکجارەکی ئەو گرووپە، یارمەتیدەری حکوومەت و ئەرتەشی لوبنان بن.

هاوکات مایک پێمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام بەدوای دەستوپێوەندییەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانین و ئەوان دەدۆزینەوە و لەنێویان دەبەین".

کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە، زۆرجار هۆشداریان بە ڕێژیم داوە، کە دەست لە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە هەڵ بگرێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە لەکیسدانی سەرمایەی وڵاتی ئێران کە خەڵکەکەی لە قەیراندا دەژین، لە ناوچەکەدا خەریکی تەڕاتێنی سیاسییە.

حیزبوڵڵای لوبنان ساڵی ١٩٩٧ی زایینی، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە، وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی بەملاوە، بەردەوام چەندین گەمارۆی جۆراوجۆر بەسەری سەپێندراوە.