کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی گەمارۆوە قورسەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕیژیمی ئێران

12:18 - 15 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەرەی دەسپێکی گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکادایە، کە بەرپرسانی ئامریکایی بە گەمارۆوە کەمەرشکێنەکان ناویان دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی دەنگی ئامریکا، بەشی یەکەمی خۆلی نوێی گەمارۆوەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەست‎ پێ دەکەنەوە. ئەو بەشە لە گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا، بەشی کڕین و فرۆشتنی دۆلار، کانزا بەنرخەکان و کۆمپانیا و پیشەی ماشینسازی لە خۆ دەگرێت.

ئەو چالاکییانەی کە گەمارۆ دەخرێتە سەریان بریتین لە:

کڕین و مامەڵەکردن بە دۆلاری ئامریکا.
مامەڵە و بازرگانیکردن لەگەڵ ڕیژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە زێڕ و کانزا بەنرخەکانی دیکە.
فرۆش، وەرگرتن یان گواستنەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی گرافیت،کانزاکانی وەک ئالومینیۆم و پۆڵا، بەردی خەڵووز و هەروەها بەرنامە کامپیۆترییەکان کە لە بەهێزکردنی پیشەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
هەر جۆرە چالاکییەک سەبارەت بە مامەڵەکردن و بازرگانیی گەورە بە ڕیاڵی ئێران و هەروەها سەرمایەدانانی ڕیاڵی ئێران لە بانکەکانی دەرەوە.
هەر جۆرە مامەڵەی فرۆش یان ڕادەستکردنی قەرزەکانی ڕێژیمی ئێران.
گواستنەوە و بازرگانیی شتومەک و کەرەستەگەلێک کە لە پیشەی ماشینسازی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەرجام کشایەوە و دانڵد ترامپ سەرۆکی ئەو وڵاتە بڕیاری وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی واژۆ کرد و وەزارەتەکانی دەرەوە و خەزێنەداریی ئەرکدار کراون بۆ وەگەڕخرانەوەی هەموو ئەو گەمارۆیانەی کە بە هۆی ڕێککەوتننامەی بەرجام هەڵگیرابوون.

بڕیارە ئەمڕۆ ١٥ی گەلاوێژ بەشێک لەو گەمارۆیانە و گەمارۆکانی دیکە هەتا ١٣ی خەزەڵوەر سەرلەنوێ وەگەڕ بخرێنەوە.