کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە سووریە ٣٠ هەزار خانووبەرە ساز دەکات

12:51 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیران لەگەڵ ڕێژیمی سووریە گرێبەستێکیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاو، کارەبا، ناوەندی سەیران و خانووبەرە لە سووریەدا واژۆ کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گرێبەستێکی ئابووریی درێژخایەن لەگەڵ ڕێژیمی سووریە، لانیکەم ٣٠ هەزار خانووی ڕووخاو بە هۆی شەڕی سووریە نۆژەن دەکات، هەروەها چەندین پرۆژەی ئاوی و گەیاندنی کارەبا لەو وڵاتە بە دەستی ڕێژیمی ئێرانە.

لەو پێوەندییەدا، ئەمیر ئەمینی، جێگری پلانداڕێژی و بەڕێوەبەری سەرچاوەکان لە وەزارەتی ڕێگەوبان، ڕایگەیاندووە: کە نۆژەنکردنەوە، سازکردنی ژێرخانەکانی بەشی هاتووچۆ، هێڵی گواستنەوەی ئاو و کارەبا و هەروەها نۆژەنکردنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان و سەیرانگاکانی چەندین شاری شەڕلێدراوی سووریە بە دەستی ئێرانەوەیە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە لە سووریە دەسەڵاتی هەیە و پاڵپشتیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات، بە ئامانجی دەستێوەردان لەو وڵاتە و پێشبردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سووریە چالاکی دەکات، بە بەردەوامی بە شێوەی سیاسی و ئابووری پاڵپشتی لەو ڕێژیمە دەکات.

سپای پاسداران سەرەڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕێژیمی ئەسەد و پاڵپشتی دارایی، پرۆژە ئاوادانییەکانی ئەو وڵاتەشی بەدەستەوە گرتووە و بوودجەیەکی تایبەتی لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ دابین کراوە، هەتاکوو لە سووریە و وڵاتانی ناوچەکەدا چالاکیی تێرۆریستی بکات.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە ئەو پرۆژانەی بە دەستەوە گرتووە، کە نموونەیەکی بەرچاومان وەکوو بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان هەیە، کە هەزاران خانوو وێران بوونە و خەڵکی ئەو ناوچانە هێشتا ئاوارەن و پاش نزیک بە ساڵێک هێشتا بەشێکی زۆر لەو خەڵکە لەژێر خێوەتەکان و لەنێو کانێکسەکان دەژین.