کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە

12:52 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیاکانی سەر بە سپای پاسداران، جێگەی کۆمپانیا ناحکوومەتییەکانی ڕێگاوبان دەگرنەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنا، ڕاپۆرتێکی لە بارەی کاریگەرییەکانی هەبوونی ئاستانی قودس و سپا لەسەر پرۆژە ڕێگاسازییەکان بڵاو کردەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا خودایار خاشع، بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمپانیاکانی سەرمایەگوزاریی لە ئوتوبانەکاندا، لە بارەی کاریگەریی نەرێنی کۆمپانیاکانی سەر بە سپای پاسداران قسەی کردووە و وتوویەتی: کە جێگرتنەوەی کۆمپانیاکانی سەر بە سپا بە شێوەیەک بووە کە بووەتە هۆی بێکاربوونی ٩٠ لەسەدی کۆمپانیا ناحکوومەتییەکانی تایبەت بە ڕێگاسازی یا ئەوەی کە ئەم کۆمپانیانە زۆر خوارتر لە ئاستی خۆیان کار بکەن.

ناوبراو هۆکاری ئەمەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە کۆمپانیاکانی سەر بە سپا، لە کاتی موناقسەکاندا دەتوانن ڕیسکێکی زیاتر بکەن و دەزانن ئەگەر کێشەی نرخ یان تێچوویان هەبوو، بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە.

هەروەها ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "ئیمکانی پێداچوونەوە بە کۆمپانیا ناحکوومەتی و تایبەتییەکان نییە، بەڵام کۆمپانیاکانی سەر بە سپا ئەم کێشەیان نییە و لە ئاکامدا بوێری ئەوەیان هەیە، کە پێشنیاری نرخێکی کەمتر لە موناقسەکاندا بدەن و بەم شێوەیە پرۆژەکان بەدەست دەهێنن".

ناوبراو، سەرئەنجام و بەرهەمی ڕیگاسازیی کۆمپانیاکانی سەر بە سپای، بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوکانی هاتووچۆ لە قەڵەم داوە و وتوویەتی: "خەڵک قوربانیی "کەمنرخبوونی" موناقسەکانی سپا  دەبن".

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ئاماری زیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە هۆی خراپیی ڕێگاوبانەکان بەرەو هەڵکشانە.