کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی لە شاری سەڵماس، ڕێگایەک بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد

13:24 - 6 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: نەبوونی ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی لە شاری سەڵماس و هەڕەشەی لەنێوچوونی ئاسەوارە مێژوویییەکانی ئەو شارستانە بەشێکی دیکە لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سڕینەوەی شوناس و مێژووی کوردە.

شارستانی سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ، به بوونی ٦٣ شوێنەواری مێژوویی و شوێنی گەشتیاری، یەکێک لە شارستانە مێژوویی و دەوڵەمەندەکانی ورمێیە.

هەندێک لە ئاسەوارە مێژوویییەکانی ئەو شارە بریتین لە: "حەمامی شێخ، تاڤگەی خوڕخوڕه، تاڤگەی تەمر، کلیسای حەوتەوان، کلیسای خوسرەوئاوا، تاڵاوی چیچەک، بەردەنووسی خان تەختی".

ئەو شارستانە سەرەڕای بوونی دەفرایەتیی باش بۆ گەشتیاری، بەڵام دوای تێپەڕینی ٤٠ ساڵ لە تەمەنی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستاش ئیدارەی میراتی فەرهەنگی نییه.

له لایەکی دیکەشەوە ئەو ئاسەوارە مێژوویییانە تاڵان دەکرێن.

بەپێی خشتەی پلەبەندیی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی، دەبێ پلەی ئەو شارستانە بگاته ٩٠ هەتا ببێتە خاوەنی ئیدراەی میراتی فەرهەنگی و ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بەپێی هەوڵەکانی خەڵک ئەو شارە پلەی ٨٣ی هەیە و ئەو شارە دەفرایەتی ئەوەی هەیە خاوەنی ئیدارەی میراتی فەرهەنگی بێت.

بەپێی لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان، شارستانی سەڵماس و تەپۆڵکەکانی دەورووبەری ئەو شارە بۆ ٧ هەزار ساڵ پێش زایین، واتا بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان لە ناوچەی میزۆپوتامیا یان کوردستانی ئێستە دەگەڕێتەوە.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستە نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.

سیاسەتی پشتگوێخستنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بارەی ئاسەوارە مێژوویییەکان وای كردووە، كە ڕەوتی لەنێوچوونی میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی ئێران و بەتایبەت کوردستان خێرایییەكی زۆری بە خۆ بگرێت.