کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنی جنسی دەبێتە هۆی نەخوێندەواریی کچان

14:30 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بە پێکهێنانی کەشی جیاوازیی جنسی لە قوتابخانەکان، لە ڕاستای نەخوێندەواریی کچان هەنگاو هەڵدەگرێت.

مووشا یەکێک لە گوندەکانی دەماوەندە، کە زۆرێک لە دانیشتووانەکەی کوردن و خەڵکی گوندی ئەویهەنگی سەر بە شاری مەریوانن، لەم گوندەدا قوتابخانەیەکی سەرەتایی هەیە، کە نزیکەی ٤٠ ساڵێک دەبێت قوتابییانی کچ و کوڕ بە شێوەی تێکەڵ لەم ناوچەدا دەخوێنن.

لەم ڕۆژانەی دواییەدا ئیدارەی پەروەردەی دەماوەند، بڕیاری جیاکردنەوەی کوڕ و کچانی قوتابی لەم گوندە دابوو، کە دەبێت قوتابییە کوڕەکانی گوندی مووشا  بۆ درێژەدان بە خوێندن بڕۆنە گوندی ئورە و کچانی گوندی ئورەش بێنە گوندی مووشا.

ئەم کارە ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی بەدواوە بووە، چونکە ئەم دوورییە ٢٠ خولەکییە بۆ منداڵەکانیان  و لە وەرزی زستان و سەهۆڵبەنداندا کارێکی دژوارە و هەروەها سرویسەکانی هاتووچۆش تێچوویەکی زۆری هەیە، کە ئەم کارەی ئیدارەی  پەروەردەی دەماوەند دەبێتە هۆی نەخوێندەواربوونی منداڵانی ئەم ناوچەیە.

بە وتەی یەکێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئولیا و مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە، قوتابخانەی مووشا ١١ ساڵە کە نوێ کراوەتەوە و یەکێکە لە باشترین قوتابخانەکانی ناوچەی دەماوەند، لە کاتێکدا قوتابخانەی ئورە لە باری بینا و کەلوپەلەوە نەگونجاوە و بە کەڵکی خوێندن نایەت.

بە شێوەی کردەیی کاری جیاکردنەوەی جنسی ئەم قوتابخانانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دایک و باوکان کچەکانیان بە هۆکاری دووری و گرانی سرویسەکانی هاتووچۆ بۆ قوتابخانە نەنێرن و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کچەکان ناچار بن واز لە خوێندن بهێنن و ئاستی خوێندەواری لەم ناوچانە داببەزێت.