کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ بۆ دانوستاندن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێشمەرجی دیاری کرد

11:38 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە مەبەستی دانیشتن لەگەڵ ڕێژیمی تاران، چەندین پێشمەرجی دیاری کرد.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، چەند کاتژمێرێک پاش ئامادەیی دەربڕینی ترامپ بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرانی ڕێژیمی ئێران، چەندین پێشمەرجی بۆ ئەو دانیشتنە دیاری کرد.

ناوبراو ئێوارەی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری CNBC  ڕایگەیاند: "هەروەک کە پێشتر ڕامانگەیاندبوو، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە مەبەستی چارەسەری کێشە و گرفتەکان داوای  دانوستانی لەگەڵ سەرانی ڕێژیمی تاران کردووە".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەڵێنی ئەوە دەدەن کە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکەکەیان بگۆڕن، واز لە هەڵسوکەوتە خراپەکانیان بێنن و بە نیازی گرێدانی ڕێککەوتننامەیەکی ڕاستەقینە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە چالاکییە ناوکییەکانیان ئامادەیی دەربڕن، ئەوکاتە دەتوانن بێنە سەرمێزی وتووێژ.

پۆمپێئۆ نزیک بە دوو مانگ پێشتر، لە یەکەمین ئاخاوتنی خۆیدا وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ١٢ مەرجی بۆ ڕێژیمی ئێران دەستنیشان کردبوون و ڕایگەیاندبوو، کە هەرکات ڕێژیمی ئێران پێبەندی ئەو مەرجانە بێت، ئەو کاتە گەمارۆکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە کۆتاییان پێ دێت.

ئامریکا لە هەوڵدایە تا بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێتە ئاراوە کە جگە لە بەرنامەی ناوکی، پرۆژەی مووشەکە بالستیکییەکان و هەروەها دەستێوەردان و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەدا، لە خۆ بگرێت.