کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی وەزیرانی ئیسرائیلی لە گەمارۆوە نوێیەکانی سەر ڕێژیمی ئێران

12:17 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هەر دوو وەزیرانی ئاسایشی و بەرگریی دەوڵەتی ئیسرائیل، پشتیوانیی خۆیان بۆ دەسپێکردنەوەی گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ،  ئیسرائیل کاتێزم وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل، لە تویتێكدا  لە بارەی دووبارە دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران نوسیبووی: "گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، یان ئەو ڕێژیمە بۆ ڕێککەوتنامەیەکی باشتر هان دەدات، یان ئەوەی بەرەوڕووی ڕووخانی دەکاتەوە؛ کە ئەگەری یەکەم باش و ئەگەری دووهەم باشترینە".

هەروەها ئاویگدور لیبەرمەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە هەمان ڕۆژدا لە تویتێکدا نووسیبوی: "گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان خەباتێکی لێبڕاوە، بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێژیمی جەنایەتکاری مەلاکان". ئەم وەزیرەی ئیسرائیل بڕیاری دانڵد ترامپی بە "هەنگاوێکی بوێرانە" پێناسە کردبوو و وتبووی: "نەوەکانی داهاتوو ئەم بڕیارەیان لە بیر دەمێنێت". هەروەها وتبووشی: ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان "بڵاوکەرەوەی تێرۆر، توندوتیژی و ڕق و نفرەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدان".

بڕیاری دووبارە گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە لایەن دانڵد ترامپەوە واژۆ کراوە و ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ بەشی یەکەمی گەمارۆوەکان دەست پێ کردەوە.