کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆن بۆ سێهەمین جار گران بوو

16:59 - 2 سەرماوەز 2720

نرخی ڕۆن بۆ سێهەمین جار لە ئێران بەرز بووەتەوە، هەروەها کێشەی کەمبوونی نان لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت شاری ورمێ هەروا بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە.

ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز "ئەمیرحوسێن بێڕەشک" سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆنی گیایی ڕایگەیاندووە: "لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ١٠ لەسەدیی نرخی ڕۆن ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە و نرخی ڕۆن لە ڕۆژی چوارشەممەوە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە دەستکاری کرا".

بەرزبوونەوەی ئەو نرخانە لە حاڵێکدایە کە نرخی جۆرەکانی ڕۆن، گیرساو و نەگیرساو، شل، پووت و... لە مانگی پووشپەڕدا و لە دانیشتنی ستادی ڕێکخستنی بازاڕدا ١٢ تا ١٤ لەسەد گران بووە.

هەروەها قەیرانی نەبوون و کەمبوونی نان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە ورمێ بەردەوامە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

پاش دابڕگەکردنی شارەکان بەهۆی تەشەنای زۆری ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەفی نانەواخانەکانی ورمێ جارێکی دیکە زۆر بوونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەرپرسانی پەیوەندیدار بڕیاریان دابوو کە کێشەکان چارەسەر بکرێت بەڵام هەنووکەش کێشەی کەمیی نان بەرۆکی خەڵکی گرتووە و لەم دۆخەی ئێستاشدا خەڵک ناچار بوونە لەنێو سەفدا بۆ وەدەسخستنی نان ڕاوەستن.