کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی بەردەوامە لە هەڵکشان

12:20 - 11 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە چەندین شاری گەورەی ئێران بەدژی گرانی و ناسەقامگیری بازاڕ، ناوەندی ئاماری رێژیم ئاشکرای کرد نرخی پێداویستییە سەرەتاییە خۆراکییەکان زیاتر لە ٧٤% گران بوون..

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی تاران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی هەڵاوسان لە مانگی پووشپەڕدا بەبەراورد لەگەڵ مانگێک پێشتر ٤/٤% زیادی کردووە و هەر لەم ڕاستایەشدا نرخی خۆراکی و خواردەمەنییە ڕۆژانەکانی خەڵک ٩/٧٤% بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە هاتووە: نرخی خواردەمەنییەکان لە ٦/١% تاکوو ٩/٧٤% بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە کە زۆرترین نرخەکان بۆ میوە و هێلکە دەگەڕێتەوە.

هەروەها نرخی برنج ٢/٣٦%، گۆشتی مەڕ ٥/٢٨% و نرخی گۆشتی سووری مانگا و گوێرەکە ٨/١٩% زیادیان کردووە و لە بەرامبەریشدا تەنیا نرخی پیاز و هێرەڵماسی کەمیان کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئامارانە کە ئابووریناسان و خەڵکی ئاسایی پێیان وایە دوورن لە ڕاستی و ڕێژە و نرخەکان لە بازاڕدا گەلێک لەوە زیاترن، سەرۆکی کۆمیتەی مووچە لە کانوونی بەرزی شۆراکان ڕێژەی گرانی بۆ خواردەمەنییەکان، خانوبەرە و پێوەندییەکان بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: ٣٢% نرخی شیرەمەنییەکان، ٨٥% نرخی گۆشتی سوور، زیاتر لە ٥٠% نرخی گۆشتی مریشک، زیاتر لە ١٠٠% نرخی گۆشتی سپی، زیاتر لە ٣٠% نرخی میوە، زیاتر لە ١٤٠% نرخی خانووبەرە و ٥٣% تێچووی پێوەندییەکان.

بەم پێیەش نرخی مەعیشەت کە ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن دیاری کرابوو پاش چوار مانگ گەیشتۆتە ٤ میلیۆن و ٦٥٠ هەزار تمەن کە دەرخەری کەمبوونەوەی ٧٢%ی توانای کڕین و دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانە.

گرانی و هەڵاوسان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی دیکە خەڵکی وەزاڵەهاتووی هێنایە سەر شەقامەکان و ئەگەری سەرهەڵدان و شۆڕشێکی هەمەلایەنەی بەهێزتر کردووە، بەڵام وەک کارناسێکی کاروباری ئابووریی دەڵێ: ئێمە پێش لە فورمولەکانی ڕیازی و ئامارەکان و حیسابدارییەکان دەبێت ئاگاداری هەست و ئاستانەی تەحەممولی خەڵک بین. ئێستا ئێران لە بەرزەخێکدایە کە ڕەنگی دۆزەخی لێ نیشتووە و هەر سات ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو دۆزەخی یەکجاری بڕوات و ڕێگای گەڕانەوەی ڕێژیم و خەڵک بۆ دواوە بۆ هەمیشە قەتع ببێت.

ئەم ئابووریناسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا و لە ترسی بەرفراوان بوونی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بە دۆخی ئابووریی وڵات هێزێکی زۆری چەکدار و لیباس شەخسی خزاندۆتە نێو شارەکانی کوردستان.