کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێداگریی لەسەر گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکات

13:30 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە کۆنفڕانسی ساڵانەی "یەکیەتیی مەسێحیان بۆ ئیسرائیل"، بەرپرسانی ئیسرائیلی پێداگرییان لەسەر مانەوەی گوشارەکان و نەگۆڕانی سیاسەتەکانی ئیسرایل لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێران کردووە.

شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ، لە کۆنفڕانسی ''یەکیەتیی مەسێحیان بۆ ئیسرائیل"، بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان لەسەر ئەوە کردووتەوە، کە دەبێت گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بۆ نەهێشتنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و نەمانی هێزی نیزامییەکانی لە سووریەدا بەردەوام بێت.

لەم کۆنفڕانسەدا کە لە واشینگتۆن بەڕێوە چووە،  نیکی هێلی کە یەکێک لە ئاخێوەرانی ئەم کۆنفڕانسە بوو، پشتگیری و بەردەوامیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند.

هەروەها لەم دانیشتنەدا تێد کروز  سێناتۆری ئامریکایی لەم دانیشتنەدا وتی: خامنەیی هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئامریکا دەکات، ئەم هەڕەشانە، هەڕەشەی نێوبەتاڵ نین، مێژوو نیشانی داوە، کاتێک  ئەوان  دروشمی "مەرگ" دەڵێنەوە، دەیانهەوێت بەڕاستی بیانکوژن.

هەروەها بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانیی خۆی لە بارەی گوشارەکانی مەسێحییە کەمینەکان و ناهەمواری ژیانیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا دەربڕی.

لە هەمان ڕاستادا، "ڕان دێرمر"، باڵوێزی ئیسرایل لە ئامریکا، لە قسەکانیدا لەم کۆنفڕانسەدا، جەختی لە بەردەوامبوونی گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەرزەفڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ناوکی و فراوانخوازییەکانی کردووە و وتوویەتی: "ئێمە ناهێڵین ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا پایەگای نیزامی دروست بکات، چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بخاتە بەردەستی حیزبوڵڵاوە و لە سووریە یان لوبناندا مووشکە خاڵپێکەکان بەرهەم بهێنێت".