کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێدەبوونی توندوتیژی لەهەمبەر هەڤسەر و بنەماڵە، بەرهەمێکی دیکەی کۆماری ئیسلامییە بۆ کۆمەڵگە (شۆڕش گوڵکار)

16:02 - 19 خەزەڵوەر 2713

شۆڕش گوڵکار
توندوتیژی لە هەمبەر هەڤسەر و بنەماڵە، دیاردەیەکی پڕ مەترسییە کەلە رێگەی توندوتیژی جەستەیی و شکاندنی کەلوپەلی ماڵ و توندوتیژی دەروونی و زارەکی و سووک کردن و بێ رێزی کردن بە کەسایەتی و سیما و جەستەی ژن و پێشگرتن لە ئیش، یان خوێندن، یان هاندانی بۆ کاری نەشیاو و ناپەسەند کە بە هۆی تووشبوونی مێرد بە ماددەی هۆشبەر، یان بێکارییەوە پەیڕەو دەکرێ کە مەخابن وڵاتی ئێران لەو بوارەوە لە پێشەوەی زۆربەی وڵاتان دایە کە ئەوەش ئاکامی سیاسەتە پاشکەوتوو و هەڵەکانی مەلاکانی دەسەڵاتداری ئێرانە بە هۆی پێداگری لەسەر بەڕێکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی وڵات و بەستێن‌سازی بۆ هاتنی ئیمامی زەمان! کۆمەڵگەیان تووشی ئەم قەیرانە مەزنانە کردووە بە جۆرێک کە شیرازەی کۆمەڵگە خەرێکە لەبەر یەک هەڵوەشێتەوە، چونکە بنەماڵە تووشی قەیران و توندوتیژی بووتەوە، بنەماڵەش یەکێک لە بنەما سەرەکی و گرینگەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی‌یە کە بە بناغەیی‌یترین و یەکەم بنەمای کۆمەڵگە دێتە ئەژمار.
کاریگەریی بنەماڵە لەسەر گەشە و پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگە تا رادەیەکە کە هیچ خاوەن بۆچوونێک ناتوانێت حاشای لێ بکات، چونکە بنەماڵە گونجاوترین پێکهاتەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە مادی و دەروونی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ و باشترین بەستێن بۆ دابین کردنی ئاسایش و هێمنی دەروونیی ئەندامان و پەروەردەی نەوەی نوێ و کۆمەڵایەتی کردنی زارۆکان و دەستەبەرکردنی پێویستییە سۆزدارییەکانی تاکەکان دابین دەکات. بەڵام مەخابن هەر بەو جۆرەی کە ئاماژەی پێکرا هەنووکە پێکهاتەی بنەماڵە تووشی کێشە و قەیرانی بنەڕەتی بووەتەوە. بە پێ دوایین ئامارەکان دیاردەی توندوتیژی لەهەمبەر ژن و بنەماڵە لە ئێران زێدەتر بووە و رۆژ لە دوای رۆژیش لە پەرەسەندن دایە، بۆ نموونە هەر لە باژێری تارانێ بەپێی ئەو توێژینەوەیە کە کراوە 9/87 ژنانی هەڤسەردار بەرەوڕووی توندوتیژی هەڤسەرەکەیان بوونەتەوە. یان بە پێ راگەیەندراوەکانی سازمانی بهزیستی پارێزگای سنە لەم ساڵدا رێژەی توندوتیژی هەڤسەر و بنەماڵە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. هەرچەند زۆرێک لە ژنەکان و بنەماڵەکان بە هۆی شەرم و حەیا و هەوڵدان بۆ پێشگرتن بە لێک بڵاوی بنەماڵە ئەم توندوتیژی و نەهامەتییانە تەحەمول دەکەن، بەڵام ئەم رەوتە کە ئاوا خەرێکە دەچێتە پێشێ لە درێژخایەندا کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر و لەبەر لێک هەڵوەشانەوە دەبا.

محتویات این مقالە منعکس کننده دیدگاه و نظرات وب‌سایت کوردستان‌میدیا نمی‌باشد