کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی پارتی چەپی سوێد: ئێمە بەردەوام لە دانیشتنەکانماندا پرسی کورد تاوتوێ دەکەین

19:57 - 30 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی سوێد، لە پارلمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ \'\'هانس لیندە\'\' نوێنەری پێوەندییەکانی پارتی چەپی سوێد چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو دیدارەدا کەلە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی پێکهات، باسێک لەسەر مێژوو و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی ئێران و لە سێدارەدانی لاوان و زیندانییانی سیاسیی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران بە دەستی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاتە بەر باس و لێکدانەوە.
هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی ئێران و نایەکانگیریی بەڵێنی و دروشمەکانی ئەو دەوڵەتە پێش و پاش هەڵبژاردن، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ و ناردنی چەکوچۆڵ بۆ سووریە و حیزبوڵڵای لوبنان، هەوڵدانی بۆ بە دەست هێنانی چەکی ناوکی و کوشتی کات لە رێگەی وتووێژ و دانووستان لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک و کێشەی نێوان ئێران و تورکیە بەشێک لەو باسانە بوون کە لەو چاوپێکەوتنەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.
هانس لیندە وێڕای خوشحاڵیی خۆی لەو دیدارە لەسەر بەدواداچوونی پرسی کورد پێداگریی کردەوە و وتی کە ئەوان بەردەوام لە دانیشتنەکانی خۆیاندا پرسی کورد دەورووژێنن و باسی لیوە دەکەن.