کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی ئەندامێكی حیزب و هاوسەری پێشمەرگەیەكی دێرین

00:08 - 7 جۆزەردان 2712

كوردستان میدیا: ئەندامێكی له‌مێژینه‌ و هاوسەری پێشمەرگەیەكی دێرینی حیزبی دێموكرات بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 4ی جۆزەردانی 1391ی هەتاوی، پوور زڵێخا حەیدەری كچی عەلی خەڵكی شاری شنۆ و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوسەری خاڵە مەحموود نووری پێشمەرگەی دێرینی حیزب لەتەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی نەخوشی یەكی درێژماوە كۆچی دووایی كرد.
پوور زڵێخا لەگەڵ هاوسەری زیاتر لە 30 ساڵ لەنێو رێزەكانی حیزبدا خزمەتی كردووە و لە لایەك هاوغەم و هاوشانی خاڵە مەحموود لە گەڵ مەینەتیەكانی ژیانی ئاوارەیی دەست و پەنجەی نەرم كردووە و ئەركی قوورسی دایكایەتی و بەخێوكردنی منداڵانی لە ئەستۆی بووە ، لە لایەكی دیكەشەوە خزمەت كردن بە حیزبەكەی هەم وەك دایكی پێشمەرگە هەم وەك ئەندامێكی بەوەفای حیزب.

پوور زڵێخا لە خەدەماتی حیزبدا وەك ئاشپەز كاری كردووە و دوواتر لە كومیتەی حیزبی لە ناوەندی 3دا ئەركە جۆراوجۆرەكانی ئەندامەتیی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە بردووە، هەر بۆیە چەند جارێك بە نووسراوە لەلایەن حیزبەوە ڕێزی لێگیراوە .
پوورە زڵێخا وەسیەتی كردبوو كە منداڵەكان و هاوسەری تا دوا هەناسە درێژەدەری رێبازی ئاواتی شەهیدان و حیزبەكەیان بن. هەروەها وەسییەتی كردبوو كە ئەگەر مردم بە ئاڵای كوردستان بم نێژن.
تەرمی پوورە زڵێخا ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە‌ لە ناو كۆڕی گەرمی هاوڕێیانی، بنەماڵە، خزم و كەس و كاریدا لە گۆرستانی شەهیدانی حیزب لە جێژنیكان بە خاك سپێردرا.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی كۆچی دوایی پوورە زڵێخا سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵە ‌و كەس‌ و كاری پوورە زڵێخا، بە تایبەتی هاوسەری پێشمەرگەی خاڵە مەحممود نووری ‌و منداڵەكانی دەكات‌ و خۆی بە شەریك‌ و بەشداری خەمیان دەزانێت.

رۆحی شاد
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران