کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی نابێ بە زمانی زگماکی خۆم بخوێنم؟ (شۆڕش گوڵکار)

15:56 - 19 رێبەندان 2713

شۆڕش گوڵکار

لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ لە فێربوون و بارهێنان بە زمانی زگماکی خۆی بێبەش بێ، نیشانەی زوڵم و سەرەڕۆیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نادادپەروەرییە لەو وڵاتە، چونکە زمانێک بە سەر زمانەکانی دیکە زاڵ دەبێ، کە ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا چەوساندنەوەی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ و کولتوور و ناسنامەی ئەو میللەتە، پیلانی لە پێش داڕێژڕاوە.
هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ لە نێو بردنی نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارس کەڵک لە قەدەخەکردن و غەیرە یاسایی‌کردنی زمانی ئەو نەتەوانە دەگرن و بەو چەشنە دەیانهەوێ فەرهەنگ و مێژوو و ناسنامەی وان لە نێو بەرن و بیانکەنە کۆیلە و مرۆڤ‌گەلی پلە دوو و لە ئاکامدا نێویان لەسەر لاپەڕەی مێژوو بسڕنەوە، چونکە ئەوان ئەوە بە چاکی دەزانن کە نەتەوەیەک کاتێک هەرەس دێنێت و نێوی لە مێژوو ئەسڕێتەوە کە زمانی زگماکی خۆی لە بیرکردبێ.
ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە گوێ بە هیچ یاسا و رێسایەکی نێونەتەوەیی نادەن و تەنانەت ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤایەتیش لە بەر چاو ناگرن و گوێی خۆیشیان لێ ئاخنیوە و بەردەوامن لە سەر ئەم کارە دزێوەیان و هەرکاتیش نەتەوەی ژێر چەپۆکە و زوڵم لێکراوی کورد داکۆکی بکات لە سەرەتایترین مافی خۆی کە خوێندنە بە زمانی زگماکی، بەچەواشەکارییەوە پێ دەڵێن کە سەردەمی ئەم قسانە تێپەڕیوە، هەنووکە سەردەمی جیهانی بوونە و زمانیش تەنیا کەرەسەی ئاخاوتن و لەیەک تێگەیشتنە ئیدی هیچ جیاوازییەکیشی نییە ئەنگۆ بە چ زمانێک قسان بکەی و بنووسی! بەڵام ئەمە بۆچوونێکی فێڵبازانەیە چونکە زمان تەنیا رۆڵ و ئەرکی ئاخاوتن و لە یەک تێگەیشتن نییە، بەڵکوو دەلاقەی زەینی مرۆڤە بەرەو پەڕانپەڕی دەوروبەری و بناخەی زەینی ئەو!
هەروەها مرۆڤ بە زمانەوە مرۆڤە کە دەوروبەری هەست پێ دەکات و پێکهاتەی فیکریی شکڵ دەگرێ، چونکە زمان کەرەسەی رووناکبیری و داهێنانە.
مەخابن ئەم کردەوە و چەوساندنەوە سیستماتیکەی کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەچێ لە بواری زانستی و پەروەردەکردنەوە گەورەترین کۆسپ لەسەر رێگای گەشەکردنی منداڵانی کورد دروست دەکات، چونکە منداڵێک ئەگەر بە زمانی زگماکی خۆی نەخوێنێ، سروشتییە کە ناتوانێتیش هاوئاهەنگی لە نێوان فیکر و زمانیدا دروست بکا و تووشی خودسانسۆری و شەرمێونی دەبێ، لە ئاکامدا منداڵ وابە باش دەزانێ کە لەوەها کەش و هەوایەکدا کە بۆ ئەو نامۆیە، یان بێ دەنگ بێ، یان کەمتر قسان بکا، چونکە بەردەوام لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە لە پەراوێز خراوە کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە تووشی خۆ بەکەم گرتن بێ و تەنانەت نەوێرێ بیر و بۆچوونی خۆی بە ئاسانی دەرببڕێ چونکە هەست دەکات بەرلەوەی گوێ بە بۆچوونەکەی بدەن بە شێوەزاری قسان کردنەکەی گاڵتە دەکەن و پێ دەکەنن.
هەروەها جێگای ئاماژەیە کە منداڵی خوشترین وەرزی ژیانی هەر مرۆڤێکە، وەرزێک کە خاوێنی و کامەرانی و جوانیی تێدایە و تێکدانی ئەم وەرزەش تەنیا لە دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆ و شوڤینیست و بەڕواڵەت مرۆڤ دەوەشێتەوە، کە بە بێ بەشکردنی میلیۆنان منداڵی تامەزرۆی خوێندن بە زمانی زگماکی، بوونەتە مەزنترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا نابێ ئەم شتە گرینگەش لە بیربکەین کە پاراستنی زمانی زگماکی لەلایەن نەتەوەی بن دەست و زوڵم لێ کراوەوە وەکوو ئەوە وایە کە بەندییەک لە بەندیخانە بێت و کلیلی دەرکەی بەندیخانەکەش لە گیرفانیدا بێ.

محتویات این مقالە منعکس کننده دیدگاه و نظرات وب‌سایت کوردستان‌میدیا نمی‌باشد