کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەرهەمهێنەری سەرەکیی دیاردەی لەسێدارەدانە (محەممەد ساڵح قادری)

22:37 - 2 پووشپەڕ 2714

محەممەد ساڵح قادری

جێگای داخە کەلە سەدەی بیست و یەکدا مرۆڤ باس لە دیاردەیەک بکات کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کولتوورێکی دواکەوتوانە و داب و نەریتێکی سوننەتیی چەند سەدەی رابردوو لە مێژووی ئادەمیزادە و جێبەجێ کردنی ئەو دیاردەیەش لەو سەردەمەی ژیانی مرۆڤایەتیدا مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای جیهانی. هەر چەند لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئیعدام بە یاسا قەدەغە کراوە، بەڵام لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێراندا خەڵک بە دستییەوە دەناڵێنن و هیچ نیشانێکی روونیش لە کەمکردنەوە و نەمانی بەدی ناکرێت. لە ئێراندا رۆژ نییە کە گوێمان لە وشەی ئیعدام نەبێ و بە بیستنی ئەو وشەیە رانەچلەکێین. دیاردەی ئیعدام بۆ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بووەتە کارێکی ئاسایی و رۆژانە لەلایەن رێژیمەوە کولتوورسازیی بۆ دەکرێت و بە کۆکردنەوەی جەماوەر لە کاتی جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام و سەیرکردنی ئەو دیمەنە تۆقێنەر و دلتەزێنانە، هەستی ئینسان دۆستی و ژیان حەزی خەڵک بە تەواوی دەڕووخێنن و تووشی دڵەڕاوکێ و نەخۆشی دەروونییان دەکەن. ئاکامی ئەو کارە قیزەونە ئەوەیە کە بە داخەوە رۆژانە شاهیدی خۆ خنکاندی خەڵکی مەدەنیی ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان بین کەلە تەمەنی نێوان ١٥ ساڵی بۆ ٧٠ ساڵی را بەهۆی جۆراجۆر خۆیان دەخنکێنن و رۆژ لەگەڵ رۆژئەو رێژەیە زیاتریش دەببێتەوە و کۆمەڵگاکە بە تەواوی تووشی شۆکە و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەبێت.

ئەو کارە سەلمێنەرى ئەو راستییەیە کە رێژیم بەهۆی ترس و نیگەرانىی لە رادەبەدەرى لە داهاتووى دەسەڵاتەکەی، پەنای بۆ وەها کردار و روانگەیەکی ئەمنیەتى دەرهەق بە هاووڵاتییان بردووە و دەیهەوێ بەوپەڕى زەبر و زەنگ و دیکتاتۆرییەوە لە دژی جیابیران و دژبەرانى نیزامەکەى درێژە بە جینایەتەکانى بداتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەو شەپۆلەى لە سێدارەدانەکان دەربڕى ئەو راستییەیە کەلە رێژیمى کۆمارى ئیسلامىدا ئەوە تاکەکان نین کەلە کاتى وەرگرتنى بەرپرسایەتیی حکوومەتیدا وێڕاى دروشم و بەڵێنیەکانیان کەلە کاتى هەڵبژاردندا بە خەڵکى دەدەن، بتوانن ئاڵۆگوڕێک لە ژیانى ئەو خەڵکەدا پێک بێنن. بەڵکوو ئەوە ئەو یاسا نەگۆڕانە حوکم دەکەن کە بناخەکانیان لەسەر بنەمای یاسا ئاسمانییەکان و داب و نەریتە سوننەتییەکانى کۆمەڵگاى دواکەوتوو دانراون و لەلایەن کاربەدەستانی ئەو رێژیمەوه بەڕێوە دەچن.

لە وەها حاڵەتێکدا نەک هەر چاوەڕوانى ئەوە لەو رێژیمە ناکرێ کە بەزەیى بە چارەنووسى بەندکراوانى سیاسىی ئێران بە گشتى و کوردستان بە تایبەتى بێت، بەڵکوو وێڕاى زیندانییانى سیاسى، پاکانە حیسابى لەگەڵ خەڵکى ئاسایی و کاسبکارانی سنوورە دەسکردەکان و بگرە مەڕ و ماڵات و ئەسب و بارهەڵگری ئەوانیش بە بەهانەى جۆراوجۆر دەکات و رەشەکوژی و تیرۆریش ئەنجام دەدات. ئەو کارانەش نەک هەر نیشانەى سەقامگیرى و هێزى ئەو رێژیمە نییە، بەڵکوو نیشانەى ترسی ئەو رێژیمە لە داهاتووى لەرزۆک و شوومی خۆیەتى. لەلایەکی دیکەش لەبەر ئەوەى کە فەلسەفەى بوونى ئەو رێژیمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ مافى مرۆڤ و ئازادییەکانى مرۆڤ ناتەبایە و دژ بە یەکە، سەرەڕای بوونى ئەندامەتىی ئێران لە پەیماننامە نێونەتەوەیییەکانى مافى مرۆڤ و باقى پەیماننامە نێونەتەوەیییەکاندا، کەچی لە ماوەى ٣٥ ساڵ تەمەنى ئەو رێژیمەدا هەتا ئێستا نەک هەر کاریگەرییەکى ئەوتۆى لەسەر کردەوە دژى گەلییەکانى ئەو رێژیمە لاسارە دەرهەق بە هاووڵاتییانى نەبووە، بگرە لە زۆر قۆناغدا بە هۆى سات و سەوداى بازرگانى و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەگەڵ ئێران، خەڵکى ئێران زیاتر لە هەر کاتێک باجى پێشێلکارییەکانى ئەو رێژیمەى لە بوارى مافى مرۆڤ و پێوەر و پرنسیپە نێونەتەوەیییەکانی داوە.

لەلایەکى دیکەشەوە بەداخەوە نە تەنیا هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کام لەو پەیماننامە نێونەتەوەیییانە کە واژۆی کردووە نەیخستۆتە بواری جێبەجێ کردن و لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیشەوە زەختی نەکراوەتە سەر بۆ پابەندبوون بەو پەیماننامانە. هەر بۆیە ئەو رێژیمە ملهۆرە لە کردەوەدا نەک هەر خۆى پابەند بە رعایەت کردنى ئەو پێوەرە نێونەتەوەیییانەى پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ نەزانیوە، بگرە بە کردەوە لە جیهەتى دژایەتى کردنى ئەو یاسا و رێسایانەدا جووڵاتەوە و تەنانەت زۆر جار رێگاى نەداوە راپۆرتنێرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافى مرۆڤ سەردانى ئێران بکەن و لە نزیکەوە رادەی دڕندەیی و پێشێکارییەکانى مافى مرۆڤ لەلایەن ئەو رێژیمەوە هەڵسەنگێنن.

هەر بۆیە پێکهێنانى بەستێنى کارى هاوبەش بۆ رووخاندنى ئەو رێژیمە و جێگرکردنى سیستەمێکى دێموکراتیک، تەنیا چارەسەرە بۆ رزگارىی یەکجارەکی لە دەست ئەو نەهامەتییانە.لە وەها بارودۆخێکدا سەرەکیترین ئەرکى لایەنە سیاسییەکان لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە بە یەک گوتارى سیاسییان وێڕاى لە قاودانى کردەوە دژى مرۆیییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە بیروڕاى گشتىی جیهاندا و هاندانى رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان بۆ خاوەن دەرکەوتنیان لە کەرامەتى مرۆڤەکان و بە جێ گەیاندنى ئەرکى ئەخلاقى خۆیان دەرهەق بە سەدان هەزار بەندکراو و میلیۆنان ماف پێشێلکراوى ئێرانى، تێبکۆشن و دژایەتی لەگەڵ ئیعدام بە هەر شێوەیەکی گونجا بخرێتە ناو مێشکی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و لە کارێکی سیاسیی حیزبی را بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و بەو کارە، فەرهەنگی دژی ئیعدام ببێتە بەستێنی خەباتی دێموکراتیک و رزگاریخوازی لە پێناو رووخاندنی ئەو رێژیمە و بنبڕکردنی یەکجارەکی سێدارە دان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە