کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی چەکداری پەرچەکردارێکە دژی دیکتاتۆری و تیرۆریزمی سەردەم (کاوە بەهرامی)

00:40 - 21 رەزبەر 2714

خەباتی چەکداری، پەرچەکردارێکە لە بەرانبەر رێژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکان کە بۆ هەرچەشنە خەباتێکی مەدەنی و دێموکراتیک بەربەست دروست دەکەن.

10122.jpg
کاوە بەهرامی


ئامانج لە دەست پێکردنی خەباتی چەکداری، بەربەرەکانێ لەگەڵ رێژیمێکی تۆتالیتێر و دیکتاتۆر بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمە لەمەڕ پێکهێنانی ژیانێکی مەدەنی و مرۆڤ دۆستانە کە مرۆڤەکان تێیدا ئازادانە بژین. ئەو فاکتەرانە کە دەبنە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی دێمۆکراتیک، بریتییە لە: لێک ترازە کۆمەڵایەتی، سیاسی، و ئابوورییەکان لە هەر وڵاتێک کە دەتوانین بلێین سێ‌ (٣) روکنی سەرەکین بۆ راوەستانی پایەی هەر وڵاتێک.

ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە ئەگەر ئەم سێ‌ فاکتەرە لە وڵاتێک لەرزۆک بوون، دەبێتە هۆی راپەڕین و ناسەقامگیریی ئەو وڵاتە دەکەوێتە ژێر پرسیار. کە وابوو کاتێک لە وڵاتێک لە بوارەکانی ئەمنیەت، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری هەم لە نێوخۆی وڵات و هەم لە بیروڕای گشتیی جیهاندا بکەوێتە ژێر پرسیار، دەتوانین ئاماژە بە نیشانەکانی گۆڕانکاریی لەو وڵاتەدا بکەین.
ئێران هەنووکە لەو وڵاتانەیە کە لەو چوار بوارەوە، لە ژێر پرسیار دایە. بەڵام بۆ دیمەنێکی سەقامگیر لە ناوچە لە خۆی نیشان دەدات! بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە فاکتەری سەقامگیری؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک داتای تایبەت کە ئاماژەیان پێ دەکەین.

پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی پێکهێنانی ئیمپراتۆریەکی شیعە مەزهەب و هەوڵی هەمەلایەنەی لەو وڵاتانەی کە پێڕەوانی مەزهەبی شیعەی تێدایە و لە رێگای بە ناو سەفارەت و دەست و پێوەندییەکانیانەوە تێکۆشاوە، ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی دروست بکات. هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە رێگای ئاخوند \'\'موعتەشەمی\'\'یەوە حیزبوڵڵای لوبنانی دامەزراند و لەو رێگایەوە توانیی بە کەڵک وەرگرتن لە سەروەت و سامانی وڵات، حەماس و باقی دەست و پێوەندییە تیرۆریستییەکانی دیکە رێک بخات. وەک هەنووکە دەبینین لە وڵاتانی کەنداو و هەروەها یەمەن، عێراق، سووریە. شیعەکانی بە شێوەی چەکداری دژی وڵاتانی خۆیان هان داوە و لەو بوارەدا بە هەموو شێوەیەک پشتگیرییان دەکات بە چەشنێک کە ئێستا بەهاری عەرەبی خەریکە بەرەو زستانی عەرەبی هەنگاو هەڵدەگرێ. کێشەکانی یەمەن، لیبی، میسر، سوودان، عێراق، سووریە و ... هتد، سەرەکیترین فاکتەری هەرەس هێنانی بەهاری عەرەبین.

کاتێک لە وڵاتانی ناوچە بەو چەشنە کە باس کرا، سەقامگیری لە هەموو بوارەکاندا پەرەی ستاندووە، بەڵام لە ئێرن لە بواری شەڕ و کێشەی چەکداری و ئاڵۆزییەکی ئەوتۆ بەرچاو ناکەوێ، لە سۆنگەی وڵاتانی ئورووپایی‌یەوە، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رواڵەت دەبێ‌ ساحەب قەرار و خاوەن دەسەڵات و سەقامگیر بێ،‌ ئەم بۆچوونە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئوپۆزیسیۆنێکی کارامە و فەعال کە کێشە سەرەکی، ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران بە کردەوە بخاتە روو.
بۆ دانانی پلان بۆ ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بە ئوپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی ئێرانییە کە بتوانێ‌ خەباتێکی چەکداریی کارا رێک بخات بە شێوەیەک کە ئەم خەباتە کاریگەریی خۆی وەک پاڵپشت بۆ خەباتی مەدەنی نیشان بدا.
لەو باوەڕە دام بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرنامە دانان بۆ هەر چەشنە سەر ئێشەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و پەرە دەسێنێ‌. بێ‌ گومان لەگەڵ رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەبات بە بێ‌ قوربانیدان بە داخەوە رێگە پێدراو نییە. کە وابوو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران وەک نوخبەی ئەو وڵاتە پێویستە بە گۆڕانکارییەک کۆمەڵێک داتا بخەمە بەرچاو لەو پێوەندیەدا بڕیار بدەن.

مەرج نییە لە سەرەتاوە دەست بە خەباتی چەکداری بکرێت، پێویستە رێکخستنێک لەو پێوەندییەدا ئامادە بکرێ‌ هەتا کۆمەڵانی خەڵک بە پشت بەستنی بەو رێکخستنە و هەروەها بەرەنگاربوونەوە لە کاتێک دەست درێژی چەکدارانی رێژیم بۆسەر خۆپیشاندەران هەست بە پشتگیری بکەن.
کوردستان و بەلووچستان هەردەم بۆ هەرچەشنە بەرەنگاربوونەوەیەک لەلایەن حیزب و سازمانەکانی خۆیان رێک خراون. ئەوەی ماوەتەوە جووڵانەوەیەکی سەرانسەرییە کە پێویستە هەموان قوربانیی بۆ بدەین و ئەوە دەبێتە رەمزی سەرکەوتن بەسەر رێژیمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا.

جێی ئاماژەیە جووڵانەوەی رۆژئاوای کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی لاوانی بە ئەمەگی کووبانی بە رێبەریی حیزبە شۆڕشگێڕەکانیان، ئەوەیان سەلماند کە خۆڕاگری و بەربەرەکانێ لەگەڵ هەرچەشنە سیستمێکی کۆنەپەرست، تیرۆریست و دیکتاتۆر، ئەگەر ئیرادەی خەڵکی لەگەڵ بێت، سەردەکەوەێ. لەلایەکی دیکەشەوە پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات ئەوەی سەلماند بە گوڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانەوە لە گۆرەپانی خەبات دان و هەر دەم ئامادەن و چاوەڕوانی یەکگرتنی حیزبەکانی کودستانی رۆژهەڵاتن. ئەوەی کە جێگای داخە شارەکانی دیکەی ئێران لەو پێوەندییەدا بێ دەنگ بوون لە کاتێکدا کێشەی کووبانی دونیای هەژاند.

درێژەپێدانی ئەو رەوتە و هاتنە مەیدانی بە کردەوەی خەڵک لە رۆژهەڵات وەڵامێک بوو بۆ تیرۆریست و تیرۆریستپەروەران و دەست و پێوەندییەکانیان ئە، کەس و لایەنانە کە پێیان وایە شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەماوە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە