کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری شنۆ لە کۆبانێ

16:03 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ئەندامانی ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی شاری شنۆ بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک پشتوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک لە ناوەندی فەرهەنگیی ئەو شارە لە کۆبانێ پشتیوانییان کرد و لەگەڵ خەڵکی کۆبانێ و ئاوارەکانی ئەو شارە هاووخەمیی خۆیان دەربڕی.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران فەزای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەدەبیی شاری شنۆیان وەکوو رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی دیکەی کوردستان ئەمنییەتی کردبوو.

دەوترێت کە دەستوپێوەندییەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی وێنەیان لە بەشداربوانی ئەو کۆبوونەوەیە کردووە.

بە دەستپێکی کۆبوونەوە و رێپێوانەکانی هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی پاڵپشتی لە کۆبانێ، شەپۆلێک لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دەستی پێکرد.

لەم شەپۆلەدا، لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، سنە، رەبەت و تاران دەستبەسەر کران و سەدان هاووڵاتیی کوردی دیکەش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراون.

هەروەها، پاش تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە بەڕێوەچوونی رێپێوانی پاڵپشتی لە کۆبانێ لە ئیلام، سەردار عەلی‌دەوڵەتی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی پارێزگای ئیلام وێڕای نایاسایی ناوبردنی ئەم کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵی دانانی پلانێکی تۆکمەی لەمەڕ ناسینەوەی بەڕێوەبەرانی رێورەسمەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی پەرەچەکردار و بەگژداچوونییان بڵاو کردەوە.

فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی پارێزگای ئیلام نیسبەت بە دروشمە نەتەوەییەکانی هاووڵاتییانی کوردی ئیلام دژکردەوەی نیشان داوە و سەرەڕای قەوم‌گرایانە وەسف کردنی دروشمەکان، هاووڵاتییانی کوردی بەشداربوو لە رێپێوانی پاڵپشتی لە کۆبانێ ئاژاوەگێڕانی نەزم و ئەمنییەتی راگەیاند.