کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فەرمانگوزارانی موخابەراتی گوندەکانی ئیلام لە بەردەم مەجلیسی رێژیم

19:58 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە جێبەجێ نەکرانی وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی پارێزگای ئیلام، فەرمانگوزارانی کوردی موخابراتی گوندەکانی ئەم پارێزگایە لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامیی رێژیم لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ١٠٨ کەس لە فەرمانگوزارانی موخابراتی گوندەکانی پارێزگای ئیلام بە هۆی جێبەجێ نەکرانی وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە دامەزراندن و حەقدەستی فەرمانگوزاران، لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامیی رێژیمی ئێران لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

یەکێک لە فەرمانگوزارانی ناڕازی رایگەیاندووە کە ٩ مانگە حەقدەستیان پێنەدراوە و شیرکەتی موخابرات هۆکاری نەدانی حەقدەستی فەرمانگوزارانی بۆ وەرشکست بوونی تەلەفوونی سابت گەڕاندووەتەوە کە موخابرات ناتوانێت حەقدەستی فەرمانگوزاران بدات.

پێشتریش لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، فەرمانگوزارانی کوردی موخابراتی گوندەکانی پارێزگای ئیلام چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم فەرمانداریی و پارێزگاری ئەو شارە بەڕێوە بردبوو بەڵام تەنیا لەلایەن بەرپرسانەوە وادە و بەڵێنییان پێدرابووە.

دابین نەکردنی حەقدەستی فەرمانگوزارانی موخابراتی گوندەکان لە ئێران لە حالێکدایە کە بوودجەی دیاریکراو بۆ فەرمانگوزران پێشتر تەرخان کراوە.