کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە زانکۆ

13:35 - 5 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوای هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، خۆشک و برای ئەو چالاکە سیاسییەش هەڕەشەی دەرکران لە زانکۆیان لێکرا.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، خوشک و برای محەممەدغەریب فەیزی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان کە هەنووکە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، بە حوکمی هەڵپەساردن لە خوێندن لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە هاووڵاتییانی نزیک لە محەممەد غەریب فەیزی نووسیویەتی: ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی محەممەد غەریب فەیزی راگەیاندووە ئەگەر کوڕەکەیان نەگەڕێننەوە بۆ ئێران، خوشک و برای ئەو چالاکە کوردە لە زانکۆ دەر دەکەن.

قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵات و هەڕەشە کوشتن لە بنەماڵەی محەممەد غەریب لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو هەوڵە نایاساییانەن کە رێژیمی ئیسلامی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە گرتوویەتەبەر.

پێشتر، لە سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لەلایەن پشکێنەر و کۆڕی گشتی ئەو ئەنجومەنە مەدەنییە، لە ماندووبوون و هەوڵەکانی محەممەد غەریب فەیزی لە بواری دیزاینی پووستێر و نیگارکێشی سوپاس و دەست خۆشی کرابوو.

رێزلێنان لەو چالاکە سیاسییە لە کۆڕی گشتی ئەنجومەنی سەوزی چیا بوو بە هۆی قین و تووڕەیی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم و ئەوەش هەڕەشە بە کوشتنی بنەماڵەی ئەو چالاکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەگەری هاوکاری نەکردن بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان بەدواوە بوو.

محەممەد غەریب فەیزی سەرەڕای چالاکیی سیاسی، لە بواری ژینگە یەکێک لە چالاکانی کورد بووە و رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری سالێ ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە زیندان جەریمەی نەختی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە دوای مەحکوومیەت لەلایەن دادگای ئینقلاب و بە هۆی گوشار و ئازاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان کوردستانی ئێرانی بەجێهێشت و هەنووکە لە دەرەوەی وڵاتە.