کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فەرمانبەرە دەرکراوەکانی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئیلام لە بەردەم مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم

20:33 - 5 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دەرکرانی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام، ئەو فەرمانبەرە کوردانەی لە بەردەم مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم لە تاران کۆکردەوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام بە هۆکاری دەرکرانی نابەجێ ە بێ‌هۆ لە سەر کار لە بەرانبەری مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم کۆبوونەوە.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام، بە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێک لەسەر کارەکانیان دەرکرابوون و لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی رێژیم لە ئیلام وڵامدەر نەبوون.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا ماوەیەک لەمەو پێش هەواڵێکی سەبارەت بەدەرکرانی کارمەندانی پاراستنی ژینگەی ئیلام دوای سێ مانگ چارەنووسی ناڕوونی ئەو کارمەندانە، بڵاو کردەوە.

ئەم فەرمانبەرانە کە هەموویان سەرپەرەستی بنەماڵەن، پاش وەرگرتنی هەواڵی دەرکردنییان لە سەر کار، سەردانی ناوەندەکانی پەیوەندیداری رێژیمی ئێرانیان کردبوو و لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس پێوەندییان گرتبوو، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵی ئەوان بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتریش لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی کوردی موخابراتی گوندەکانی پارێزگای ئیلام بە هۆی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی بەرپرسانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی حەقدەستی فەرمانبەران و نەدانی حەقدەستی ٩ مانگی فەرمانبەران، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم بەڕێوە بردبوو بەڵام تەنیا لەلایەن بەرپرسانەوە وادە و بەڵێنییان پێدرابووە.