کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ چاوپیکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی SPD

19:00 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ئێستای کوردستان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی سوسیال دێموکرات چاوپێکەوتنی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی, هیوا بەهرامی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لە دەفتەری سەرەکیی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی کرد و لەگەڵ کۆنێستانتین ڤۆینۆف بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو حیزبە کۆ بووەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا لە پەیوەندی لەگەڵ پرسەکانی رۆژی کوردستان و ئێران، قەیرانی ئێستای سووریە و عێراق و هێرشی داعش بۆ هەندێک لە ناوچەکانی ئەو دوو وڵاتە و رۆڵی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە پێکهێنانی قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت عێراق و سووریە ئاڵوگوڕی بیروڕایان کرد.

کۆنێستانتین ڤۆینوف، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان، رۆڵی نەتەوەی کورد لە شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش گرینگ وەسف کرد و بەرز نرخاند و هەروەها رایگەیاند کە نەتەوەی کورد تەنیا نەتەوەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە شێوەی جیدیی لە دژی هێزەکانی داعش راوەستاوە و شەڕ دەکات؛ بۆیە پێویستە وڵاتانی ئورووپایی بە شێوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە پشتیوانی لە کوردستان بکەن.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکرات روانگە و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی کوردستان و ئێران شی کردەوە.

بەهرامی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران نەگٶڕن و لەو پەیوەندییەدا وتی: دوای هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی کە بە سەدان وادە و بەڵێن، کورسیی سەرکۆماری بەدەست هێنا، نەتەنیا دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ لە ئێران لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی باشتر نەبووە بەڵکوو لە زۆر بواردا خراپتر بووە.

بەهرامی هەروەها وتی تەنیا مەئمووریەتی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، هێنانەدەری رێژیمی ئێران لە قەیرانی نێونەتەوەییە کە چەندین ساڵە بەرۆکی ئەو رێژیمەی گرتووەتەوە.

لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا پرسە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و ئاکامی دانوستانە ئەتۆمییەکانی گرووپی ١+٥ و رێژیمی ئیسلامی باسی لە سەر کرا.