کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەیەکی دیکەی مافی مرۆڤی لە دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە پەسەند کرا

20:59 - 29 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: یاسادارێژەرانی حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی ئامریکا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، یاسادارێژەرانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، بە پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک، جارێکی دیکە رێژیمی ئێرانیان بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ مەحکووم کرد.

ئەم بڕیارنامەیە کە بە بڕیارنامەی ٧٥٤ ناودێر کراوە، بە پشت بەستن بە راپۆرتەکانی ئەحمەد شەهید رێپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران و راپۆرتی ئازادییە ئایینییەکانی کۆمیسیۆنی ئامریکا لە ساڵی ٢٠١٤ دارێژراوە.

ئەد رۆیس، بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەران لە حیزبی کۆماریخواز و کیت ئەلیسون، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە مەجلیسی نوینەرانی ئامریکا بە پشتیوانی لە بڕیارنامەی پەسەند کراو دژی رێژیمی ئێران، لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران رەخنەی توندیان گرتووە و رایانگەیاندووە کە پشتیوانیی ئامریکا لە خەڵکی ئێران لە بەرانبەر رێژیمی ئێران پێویستە.

هەر لەم بوارەدا، کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە ٨٧ دەنگی ئەرێنی، بڕیارنەمەیەکی نوێی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤی ئێران کە لەلایەن کاناداوە پێشنیار کرابوو، پەسەند کرد.

پەسەند کردنی ئەم بڕیارنامانە لەلایەن کۆنگرەی ئامریکا و کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە حاڵێکدایە کە خولی کۆتایی دانوستانەکانی ناوکیی رێژیمی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ لەحاڵی بەڕێوەچوون دایە.

هەتا ئێستا چەندین ناوەند و رێکخراوی مافی مرۆڤ، دیپلۆمات و هەروەها چەند کەس لە ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، خوازیاری خستنە بەر باسی پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، لە دانوستانە ناوکییەکاندا بوون.